کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیم لە خوراسان: ژنانی بێ حیجاب نابێ خزمەتگوزارییان پێ بدرێت

19:31 - 5 بەفرانبار 2722

جێگری سیاسیی پارێزگاریی پارێزگای خوراسان  پێدانی هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی بۆ ژنانی بێ حیجاب لەو پارێزگایە قەدەغە کرد.

محەممەد ڕەزا تالبی، جێگری سیاسیی پارێزگاریی پارێزگای خوراسان ڕایگەیاند، هیچ بنکە و دامەزراوەیەکی سەر بە دەسەڵات لەو پارێزگایە مافی ئەوەیان نییە بۆ ئەو بەشە لە ژنان کە بێ حیجابن هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک ئەنجام بدەن.

تالبی جەختی کردووەتەوە لە ئەگەری ئەوەیکە ئەو شوێنانە خزمەتگوزاریی بۆ ژنانی بێ حیجاب ئەنجام بدەن بەڕێوەبەری ئەو بەشە دەبێ لەبەرانبەر ستادی حیجاب و عیفاف وڵامدەر بێت.

ناوبار ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی ئەو ماوەیە لە ئێراندا کردووە و وتوویەتی، ئێمە بۆیە ئەو بڕیارەمان داوە چوونکە میدیاکانی دژبەری دەسەڵات وایان وێنا کردووە کە ڕێژیم لەبەرانبەر پرسی حیجاب کەمی هێناوەتەوە و توانای ئەوەی نەماوە پێش بە حیجابی ژنان بگرێت.

ڕێژیمی دژەژنی ئاخوندی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری بە زەبر و سەرکوت ڕێگەی نەداوە کە ژنان لە ئێران، ئازاد و چالاک بن و لە ئێستادا بە بەشداریی بەرچاوی ژنان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ترسی لێ نیشتوووە و ئەو کارە بە مەترسییەک بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی خۆیان دەبینن.