کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران لە ئۆکراین دوای داواکاریییەکی ئەو وڵاتە

19:35 - 5 بەفرانبار 2722

دوابەدوای بەکارهێنانی دڕۆنی ئێرانی لەلایەن ڕووسیە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، دەوڵەتی ئۆکراین داوای کرد کە بەرنامەی دڕۆنییەکانی ئێران لە ناو بچێت، کە ئەم داواکارییە کاردانەوەی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە ئۆکراین کرد کە داواکارییەکەی سەرکۆماری ئەو وڵاتە بۆ لە نێوبردنی کارگاکانی دڕۆنی ئێرانی، کاردانەوەی سیاسیی و یاسایی لێ دەکەوێتەوە و قەبووڵ ناکەن کەس هێرش بکاتە سەر بەرنامەی دڕۆنی ئێران.

کەنعانی هەر لەو بارەیەوە وتی: "ئەدەبیاتی هەڕەشکردن لەلایەن بەرپرسانی پلەبەرزی دەوڵەتی ئۆکراین نابەرپرسانەیە و کاردانەوەمان دەبێ و هەر هێرشێک بکرێتە سەر کارگاکانی دروستکردنی دڕۆنەکانمان لە ئەستۆی ئۆکراینی دەزانین".

ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا هەڕەشە لە ئۆکراین دەکا کە خۆی ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە و چەندین دڕۆنی ئێرانی لە ئۆکراین تێک شکێندراون و ئۆکراینیش داوای لە هاوپەیمانان کردووە کە بەرنامە دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران مەترسییەکی جیددین، بکرێنە ئامانج و لە ناو ببردرێن.