کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی هێرشی چەکداریی پاریس

11:47 - 6 بەفرانبار 2722

دوای هێرشی چەکداری بۆ سەر ناوەندی فەرهەنگیی ئەحمەد کایا لە شاری پاریس، بە سەدان کەس لە کوردان و هاووڵاتییانی فەرانسەوی بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی ئەو هێرشە و سەبارت بە کەمتەرخەمیی پۆلیس لەهەمبەر نەپاراستنی گیانی کوردانی دانیشتوو لەو وڵاتە، هاتنە سەر شەقام و ڕێپێوانێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار بە سەدان کەس لە کوردان و هاووڵاتییانی فەرانسەوی بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی هێرشی چەکداریی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار بۆ سەر ناوەندی فەرهەنگیی ئەحمەد کایا لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەرانسە ڕێپێوانێکیان بەڕێوە برد.

بەشێک لە بەشداربووانی ئەو ڕێپێوانە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە پۆلیسی فەرانسە نەیتوانیوە گیانی کوردانی دانیشتوو لەو وڵاتە لەهەمبەر هەڕەشەکانی وڵاتی تورکیە بپارێزێت.

خۆپیشاندەران لە پاریس بە ڕێپێوان ڕۆیشتنە یەکێک لە شەقامەکانی ١٠ی پاریس کە لە مانگی ژانوییەی ٢٠١٣ی زایینیدا لەو شوێنە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پاریس لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا شەهید کران.
 
ئەو سێ کەسە لە ئورووپا لە بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون.

لە ڕۆژەکانی هەینی و شەممەشدا ڕێکەوتی ٢ و ٣ی بەفرانبار بەشێکی زۆر لە کوردانی دانیشتوو لە شاری پاریس لە شوێنی هێرشەکەدا کۆ بوونەوە و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار لە ئاکامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوەندی فەرهەنگیی ئەحمەد کایا لە شاری پاریس سێ کەس گیانیان لەدەست دا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.


میدیاکانی فەرانسە بکەری ئەو هێرشە چەکدارییەیان "ویلیام . ام" پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵان ناساندووە کە پێشینەی هێرشی چەکداریی هەیە و ئێستاش بە بارمتە لە زیندان ئازاد کراوە.