کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی چلەی ماتەمینی شەهیدێکی ڕاپەڕین لە تەورێز

16:33 - 6 بەفرانبار 2722

لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئایلار حەقی، شەهیدی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیم، لە گۆڕستانی وادیی تەورێز، خەڵک دژی کۆماری ئیسلام دروشمیان دا.

ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئایلار حەقی، خوێندکاری پزیشکیی خەڵکی تەورێز کە لە ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شەهید کرا، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو شارە لە سەر گۆڕی ناوبراو دروشمی مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی و مەرگ و نەمان بۆ خامنەییان وتەوە و دژی دەسەڵاتی ڕێژیم خۆپێشاندانیان بەڕێوە برد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە خەڵک دروشمیان بە دژی خامنەیی دەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر بابی ئایلار و بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە و هیچ زانیارییەکیش لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

دوای هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئەو ڕێوڕەسمە، خەڵک بە دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامی درێژەیان بە خۆپیشاندان دا.