![](/content/upload/1/news/57799_w920.jpg)
بەهۆی هەڵکشانی نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەن بۆ سەرووی زیاتر لە ٤٢ هەزار تمەن لە ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکانیش گران بوون.
ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، دوای ئەوەیکە نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بۆوە و کۆماری ئیسلامی نەیتوانی کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراو بکا، نرخی خواردەمەنی و کەلوپەلی سەرەتایی ژیان بە ڕادەیەک بەرز بۆتەوە کە گوشارێکی زۆری ئابووری بۆ سەر خەڵک دروست کردووە، لە حاڵێکدا کە سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بەڵێنی دابوو بەهیچ شێوەیەک نرخی خواردەمەنی و کەلوپەل گران نابێ بەڵکوو هەرزانتر دەبێ.
کارناسان دەڵێن، ئەو گرانییەی کە ئێستا لە ئێراندا هەیە، لە ماوەی ٨٠ ساڵێ ڕابردوودا بەو شێوەیە گرانی لە ئێراندا نەبووە، ئەوەیش وای کردووە کە خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپی ژیاندا بژین و هەروەها چینی کرێکار و هەژار لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و دۆخی ئابووریی ژیانیان سوور ڕاگەیاندراوە.