کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی خەڵکی سه‌قز، سەبارەت بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی

11:47 - 7 بەفرانبار 2722

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، چین و توێژەکانی شاری سەقز، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە مزگەوتی جامێعەی گەڕەکی تازاوای شاری سەقز، سەبارەت بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و ڕووداوە خوێناوییەکانی پاش ئەو جینایەتە کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمان سەبارەت بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی خۆپیشاندەری ئێران مەحکووم کرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، هاوشارییانی بەڕێز و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران!

ڕووداوی ژینا خاڵی دابڕان لە بارودۆخی دڵتەزێنی ڕابردوو وەرچەرخانێکە بۆ داهاتوویەکی ڕوون و گەش و کەمتر کەسێک پێشبێنی ئەوەی دەکرد کە بەرینیی ئەم ڕووداوە بەمجۆرە شارەکەمان، وڵات و تەنانەت جیهان دابگرێت و مزگێنیدەری، بزووتنەوەیەکی ڕوو لە گەشە و بەرەوپێش بێت، هەروەک چۆن هاواری ئازادیی ژن لە زنجیری کۆیلایەتی مێژوویی، ئاوازێکی پێشەنگی بە گوێماندا چرپاند، چەوساندنەوەی ڕەگەزی بوو بە بنەمایەک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە بە ڕواڵەت ملکەچی چارەنووسی دۆخی زاڵی زۆر ببوون تا لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا هاودەنگ بن و کەرەستەگەلێکی نوێ دەستەبەر بکەن کە زۆردار و دەسەڵاتە نالۆژیکەکان تووشی سەرسووڕمان بکا، کەڵەکەبوونی نایەکسانی و نکۆڵیکردن لە ناسنامە و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیە دەسەڵاتداریی حکوومەت و لەگەڵ ڕووداوی کوشتنی حکوومەتیی کچەکەمان ژینا، بوو بەهۆی تەشەنەکردنی ئەم برینە کۆنە و تەقینەوەی دەنگی کپکراوی خەڵکێک کە ساڵانێکی دوور و درێژە بە ناوی حکوومەتی ئیسلامییەوە نکۆڵیی لێ کراوە، خەڵک لە هەموو چین و توێژەکان بۆ وێنە قوتابییان، خوێندکاران، ژنان، مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی قوتابخانە، هونەرمەندان، پزیشکان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، بازاڕییان و هەموو بەگشتی بە دڵێکی خەماوی لە خەمی ئازیزێکی کۆچکردوویان کە ڕووخساری بێتاوانی ئاوێنەیەکی باڵانوێنی خەڵکی وڵاتەکەیەتی بە دەستی بەتاڵ و بیرێکی مرۆڤانەوە لە سەر گۆڕستانی ئایچی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەڵێنەوە.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژە بە سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لەلایەن حکوومەتەوە، سزادانیان بە توندترین شێوە هاتووە کە خەڵکی خۆڕاگری گەلانی ئێران بە هیچ شێوەیەک فریوی دەسەڵات نەخۆن و تا گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان کە بریتییە لە ئازادی و یەکسانی و دابینکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر درێژە بە خەباتەکەمان دەدەین.