کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتالیا سەبارت بە سەرکوتی خۆپیشاندەران باڵوێزی ئێرانی بانگهێشت کرد

11:53 - 7 بەفرانبار 2722

وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئیتالیا شێوازی هەڵسوکەوتی هێزە خوێنڕێژەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لەبەرانبەر خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانی، بە کردەوەیەکی دزێو وەسف کرد و بەو هۆیەوە باڵوێزی ڕێژیمی لە ڕۆم بانگهێشت کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ئانتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سەبارەت بە سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی خۆپیشاندەران لە ئێران محەممەدڕەزا سەبووری، باڵوێزی ڕێژیمی لەو وڵاتە بانگهێشت کرد.

پێشتریش تاجانی سەرکوتی خۆپیشاندەرانی لە ئێران مەحکووم کردبوو و ئەمجۆرە هەڵسوکەوتەی هێزەکانی ڕێژیمی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران بە کردەوەیەکی دزێو وەسف کردبوو و هەروەها ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لە شۆڕشی ژنانی ئێران داکۆکی دەکات.

وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئیتالیا لەسەر ئەو بابەتە جەختی کردەوە کە دەوڵەتی جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیری نوێی ئەو وڵاتە دەبێ هەر جۆرە پێوەندیی دیپلۆماتیک بەتایبەت لە بواری بەرنامەی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت.

پێشتریش وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە، هولەند، ئیسپانیا و ئاڵمان لە دژکردەوە سەبارەت بە سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و هەروەها یارمەتیی نیزامیی ڕێژیمی ئێران بە ڕووسیە لە شەڕ لەگەڵ ئۆکراین نوێنەران و باڵوێزەکانی ئەو ڕێژیمەیان لە وڵاتەکانیان بانگهێشت کردبوو.