دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی شەهیدانی ڕاپەڕین لە مەهاباد، لاوانی ئەو شارە بە دروشمی دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی شۆڕشگێڕی مەهاباد لە درێژەی ڕاپەڕینەکان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتنەوە سەر شەقامەکان و بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و جاشەکان، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.
لاوانی بوێری مەهاباد، بە ئاگرکردنەوە لەسەر شەقامەکانی شار، بە وتنی دروشم دژی دەسەڵاتی خۆسەپێن درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان دا و بەڵێنیان نوێ کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە خوێنی شەهیدانی ڕاپەڕینی ئەو شارە خۆش نابن.
هاتنە سەر شەقامی لاوان دوای ئەوە بوو کە ڕێوەڕەسمێکی بەشکۆ بۆ چلەی سێ شەهیدی ئەو شارە بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوەڕەسمەدا خەڵکی ئازادیخوازی مەهاباد، بە خوێندنی سروودی ئەی ڕەقیب، دواتر بە وتنی دەیان دروشمی حیزبی و نەتەوەیی پێداگرییان لەسەر درێژەدانی ڕێگای شەهیدان و مافەکانی گەڵی کورد کردەوە.