![](/content/upload/1/news/57303_w920.jpg)
وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی بە پێچەوانەی هەڵوێستەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەوەی لە نێوخۆی ئێران ڕوودەدا پێوەندیی بە داهاتووی خەڵکی ئەو وڵاتەوە هەیە.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی"سێ ئێن ئێن" سەرەڕای بەدرۆخستنەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەسەر سەرهەڵدان و شۆڕشە جەماوەرییەکەی خەڵکی ئێران دژی دەسەڵاتی ئاخوندی وتی: "ڕێژیمی ئێران بەبێ هیچ هۆکارێک قامکی تاوان بۆ وڵاتانی دەرەوە ڕادەکێشێ و نازانێ ئەوە خەڵکی نێوخۆی ئێرانن کە لە دەسەڵاتداریی حکوومەتی ئاخوندی وەزاڵەهاتوون و چیدیکە ئەو حکوومەت و دەسەڵاتەیان ناوێ و خەڵکی ئێران دەیانهەوێ لە داهاتوودا چارەنووسی خۆیان و وڵاتەکەیان دیاری بکەن.
ناوبراو لە درێژەدا وتیشی: "کۆمەڵگەی جیهانی بەباشی لەسەر بارودۆخی ئێران لە هەموو شارەکان ئاگادارن و ئەوە دەزانن کە چیدیکە خەڵکی ئێران ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرەی ناوێت".