کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانەتیی ئازادیی میدیاکان سەبارەت بە سەرکوتی ناڕازییان لە ئێراندا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە

14:10 - 12 سەرماوەز 2722

١٩ وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانەتیی ئازادیی میدیاکان سەبارەت بە سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ئەو کردەوەیەیان بەتوندی مەحکووم کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانەتی ئازادیی میدیاکان(MFC)  لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە ئێمە بەنیسبەت سەرکوتی بەردەوام و توندوتیژانەی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم کە بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان لە ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین و ئەو کردەوەی هێزەکانی ڕێژیم لە کۆمەڵگای ئێراندا مەحکووم دەکەین.

ئەو وڵاتانە لەو بەیاننامەیەدا داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە لەگەڵ ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لە کاروباری دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و هەیئەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کە لەلایەن شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کراوە هاوکاری بکات.

هەروەها داوایان کرد تەواوی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە سەرەڕۆیانە و بەبێ هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کروان لەوانە ڕۆژنامەوانان ئازاد بکرێن و ئینتێرنێتی بێ سنووریش بۆ کۆمەڵگای ئێران دابین بکرێت.

بەشێک لەو وڵاتانەی کە ئەو بەیاننامەیان واژۆ کردووە بریتین لە: "ئامریکا، بریتانیا، فەرانسە، ژاپۆن، ئوسترالیا، ئۆتریش و کانادا" و چەندین وڵاتی دیکە.