![](/content/upload/1/root/55922_w920.jpg)
بەردەوام وڵاتانی جیهانی پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران دەکەن و هەوڵە نێونەتەوەییەکانیش بۆ پێشگرتن بە حوکمی ئێعدامی خۆپیشاندەران بەردەوامە.
ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، پشتیوانییە نیونەتەوەییەکان و هەوڵە جیهانییەکان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران لە پەرەسەندندایە و هەروەها نێوەندگیری و هەوڵەکانی وڵاتانی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراوی گەلانی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە بەردەوامە.
هەر لەو بارەویەوە ڕابێرت ماڵی، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسی: "دەیان کەس لە خەڵکی ئێران بەهۆی ئەوەیکە لە ڕاپەڕینی سەرانسەریی دژی ڕێژیم بەشدارییان کردووە، مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و زۆربەی ئەوانەی کە دەسبەسەر کراون بە توندوتیژی و ئەشکەنجەی سێکسی دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەردەگرن و بە زۆری سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنن".