کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی سەرکوتی بێڕەحمانەی ڕەئیسی لە خەڵکی ئێران

12:09 - 7 بەفرانبار 2722

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بە ناوبردنی خەڵکی خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بە "دوژمن" بە زمانێکی توند و تێکەڵ بە هەڕەشەوە وتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەحم بەو کەسانە ناکا".

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر بارودۆخی ئێران، درێژەی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات، سەرەڕای ئەوەیکە ئەو خەڵکە بە دوژمن ناو دەبا وتوویەتی کە ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواییەوە ڕێبەری دەکرێ و ئامانجیان ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بۆیە کۆماری ئیسلامی ڕەحم بەو کەسانەی کە ئاسایشی وڵات تێک دەدەن ناکا و بە توندترین شێوە سزایان دەدا".

لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات، هەزاران کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیو لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بە سەدان کەسیش بە تەقە ئەو هێزانە شەهید بوونە و تا ئێستا دوو کەس لە خۆپیشاندەران، بە تۆمەتی موحاربە لەسێدارە دراون.

لە درێژەی هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیم لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران چەند ڕۆژ پێش "موحسێن حەیدەری" ئەندامی مەجلیسی خێبرەگانی ڕێژیم، پێشنیاری بە دەزگای قەزایی ڕێژیم کردووە کە بۆ کۆتاییهێنان بەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە لە سزای "بەغی" شەڕی چەکدارانە، بەجێگەی موحاربە، بۆ دەسبەسەرکراوان کەڵک وەربگرن.

ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی ئاخوندی، ماوەی سێ مانگ پێش ئێستا دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە دەستی پێ کرد و زۆر بە خێرایی سەرانسەری شارەکانی ئێرانی گرتەوە.