کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ئاڵمان و هولەند بۆ بە تێرۆریست‌ ناساندنی سپای پاسداران

17:38 - 7 بەفرانبار 2722

وڵاتانی ئاڵمان و هوڵەند بە جیدییەتەوە لە هەوڵی ئەوەدان کە سپای پاسداران بخەنە نێو لیستی تێرۆرەوە و وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بیناسێنن.

کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل، ڕۆژی سیشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئورووپایی و لەوانە وڵاتانی ئاڵمان و هولەند، لە هەوڵی ئەوەدان کە گوشار بخەنە سەر یەکیەتیی ئورووپا بۆ ئەوەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێ و هۆکاری ئەو هەوڵەش ئەوەیە کە سپای پاسداران بە ناردنی دڕۆن هاوکاریی ڕووسیەی کردووە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین.

هەر لەو پێوەندییەدا، دیپڵۆماتکارانی ئورووپایی وتوویانە، یەکیەتیی ئورووپا بۆ یەکەم جار پاساوێکی تەواوی هەیە بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و جیا لە هۆکاری هاوکاریکردنی هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین،  سەرکوتکردنی خوێناویی گەلانی ئێرانە کە بۆ داوای ڕەوای خۆیان نزیکەی چوار مانگە ناڕەزایەتیی دەردەبڕن و سپای پاسدارانیش بە شێوەیەکی دڕندانە و نامڕۆڤانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.