![](/content/upload/1/news/57913_w920.jpg)
دوو بەردەوانی خەڵکی ئیتالیا بۆ ڕێزگرتن لە شەهید ژینا ئەمینی ڕێگایەکی نوێیان بۆ هاتوچۆی شاخەوانان لە باکووری ئیتالیا بە ناوی مەهسا (ژینا) ئەمینی تۆمار کرد.
دوو بەردەوانی خەڵکی وڵاتی ئیتالیا بە ناوەکانی "جیان ماریا گراسی و ڕێناتۆ جۆستیتۆ" ڕێگایەکی نوێیان بۆ هاتوچۆی شاخەوانان لە کێوی لانزۆ لە باکووری ئیتالیا لە نزیک شاری تورین بە ناوی ژینا ئەمینی تۆمار کرد.
ئابێرتۆ کارسانا، ڕاهێنەری گرووپی شاخەوانیی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ناودێڕکردنی ئەو ڕێگایە بە ناوی ژینا وتوویەتی،"هەر وەک ئەوەیکە بەرهەمێکی نوێ بۆ هونەرمەندێک گرینگیی هەیە ئەو ڕێگا نوێیەش بۆ شاخەوانێک گرینگیی تایبەتی هەیە ئێمە ئەو ڕێگایەمان بۆیە بە ناوی مەهسا(ژینا) تۆمار کردووە تا بتوانین بەم شێوەیە تۆزێک لە دژکردەوەکان بەرانبەر بە ژنان کەمتر بکەینەوە".
کارسانا لە درێژەدا وتوویەتی، ئێمە ئەو ڕێگایەمان بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی ژینا و ڕێزگرتن لە ناوبراو ئەنجام داوە.
قەتڵی حکوومەتیی ژینا و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران کاردانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە و لەو پێوەندییەدا شارەوانیی چەند شار لە وڵاتانی ئورووپایی بۆ ڕێزگرتن لە ناو و یادی ژینا چەند شەقامیان بە ناوی ژینا تۆمار کرد.
هەروەها وەزیرانی دەرەوەی فەرانسە و ئاڵمان بە شێوەی هاوبەش خەڵاتی مافی مرۆڤی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیان بە ژینا ئەمینی و ژنانی گەلانی ئێران بەخشی.