کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ئامادەین هێرشی سەربازی بکەینە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران

10:41 - 8 بەفرانبار 2722

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتوویەتی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێز و توانای سەربازیی ئیسرائیلمان هێندە بردووەتە سەرێ کە دەتوانین، هێرشی سەربازی بکەینە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران.

بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمی کۆتایی خولی ڕاهێنانی فرۆکەوانیی ئیسرائیل، سەرەڕای ئاماژە بە هێز و توانا ئاسمانییەکانی ئەرتشی ئیسرائیل وتی: "ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکا بۆ ئەگەری هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران".

لەلایەکی دیکەوە "ئۆڤێر جێندێلمان" وتەبێژی دەوڵەتی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە لە زاری "یائێر لاپید" سەرۆکوەزیرانی کاتیی ئیسرائیلەوە بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە هیچ دەوڵەتێک لە ئیسرائیل ئیزن نادا کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا وتی: "ئیسرائیل هەر کات بە پێویستی بزانێ دەتوانێ هێرشی سەربازی بکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران".