ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، تێکۆشەری ناسراوی گەلەکەمان و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات کاک عەبدوڵڵا عیزەتپوور خەڵكی گوندی حاجی بەکەولیی گەلی قاسملوو لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.
کاک عەبدوڵڵا هەر لە هەڕەتی لاویەتییەوە تێکۆشانی سیاسیی خۆی لە حیزبی دێموکراتدا دەست پێ کردبوو. یەکێک لە بەشدارانی زیندووکردنەوەی حیزبی دێموکرات لە دوای تێکۆچوونی کۆماری کوردستان بووە و لە کۆنفرانسی یەکەمی حیزب لە ساڵی ١٣٣٤ی هەتاویدا بەشدار بووە.
کاک عەبدوڵڵا ئامۆزای ڕێبەری گەورە دوکتور قاسملوو بوو.
ناوبراو ساڵانێکی زۆر لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمی پاشایەتییدا بەندکراوێکی خۆڕاگری سیاسی بوو.
ئەو لەگەل ئەوەیکە خەباتی نەتەوایەتیی دەکرد، بەڵام باوەڕێکی قووڵی بە سۆسیالیزم و خەباتی چینایەتی هەبوو، بۆیە وەک سیمایەکی چەپی دێموکرات لەنێو حیزبدا دەناسرا و خاوەن قەڵەمێکی بەپێز بوو لە نێو ئەدەبیاتی حیزبدا.
کاک عەبدوڵڵا لە کۆنگرەکانی ٥، ٦، ٧ و ٨ ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوو و لە ماوەی ژیانی حیزبیدا ئەرکی جۆراوجۆی لە حیزبدا وەئەستۆ گرتووە.
کاک عەبدوڵڵا بەهاری ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لە سەر داوای دوکتور شەرەفکەندی ڕووی کردە دەرەوەی وڵات و لە ئاڵمان گیرسایەوە.
کاک عەبدوڵڵا یەکێک لە کادرە باوەڕمەند و خاوەن لێکدانەوەکانی حیزب بوو کە سەرەڕای هەموو زەحمەت و کوێرەوەرییەکانی لەو پێناوەدا، هەمیشە سیمبولی ورە و ئیمان بوو بۆ هاوڕێیانی.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو تێکۆشەرە ناسراوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە بەشداریی خەمیان دەزانێت.