کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریکردنی ڕێژیم لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدان لە بۆکان

11:54 - 8 بەفرانبار 2722

لە ڕۆژی چلەی شەهید میلاد مەعرووفی لە بۆکان، هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە گۆڕستانی گوندی کۆستە، ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ئەو شەهیدە کرد و بڵاوەیان بەخەڵکەکە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی بوێری بۆکان و گوندی کۆستە ئامادەبوون کە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی بۆ شەهید میلاد مەعرووفی، شەهیدی ڕاپەڕینی سەرانسەری دژ بە کۆماری ئیسلامی، بەڕێوە ببەن، بەڵام سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک هێزێکی زۆری لەو شوێنەدا جێگیر کردبوو و ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە کرد و بڵاوەیان بە خەڵک کرد.

ترسی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بە ڕادەیەکە کە لە هەر شوێنێک کۆبوونەوەیەک هەبێ بە زووترین کات هێزی چەکداری بۆ دەنێرێ و بە تەواوی کوردستانی مێلیتاریزە کردووە بە شارەکاندا هێزی سەرکوتکەری بڵاوە پێ کردووە.

سەرەڕای ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران، خەڵکی قارەمانی کوردستان هەمیشە لە سەنگەری بەرگریدان و گوێ بە هەڕەشەکانی ڕێژیم نادەن و لەسەر گۆڕی شەهیدان پەیمانی وەفاداریی خۆیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ دەکەنەوە.