کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە تاڵانبردنی سامانی ئێران لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە

17:24 - 8 بەفرانبار 2722

پاش تێپەڕینی یەک مانگ لە فرۆشتنی بلوکی ١٢ی "هێدلینگ"، ٣٦ هەزار میلیارد تمەن پارەی قیستی یەکەمی" هێدلینگ" لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دزراوە.

ڕۆژنامەی "ئێعتماد"، لە نوێترین ژمارەی خۆیدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی کە پاش دزین و نەمانی ٣٦ هەزار میلیارد تمەن، کە دەبوو وەکوو قیستی یەکەمی فرۆشتنی ١٢ لەسەدیی "هێدلینگ" لە شوێنێکی دیکەدا خەرج کرابا، دەزگای قەزایی ڕێژیم بۆ ئەو بابەتە داوای لە وەزیری ئابووری کردووە کە بە زووترین کات دەبێ، ڕوون بێتەوە کە ئەو بڕە پارەیە چی لێهاتووە.

لەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی بازڕەسییەوە نێردراوە بۆ وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی رێژیمی ئێران زۆر بە ڕوونی داوا لە ئێحسان خاندووزی کراوە کە دەبێ لە ماوەی ٥ ڕۆژدا ڕوونی بکاتەوە کە ئەو بڕە پارەیە چی لێهاتووە و کێ وەری‌گرتووە.

جێگەی ئاماژەیە کە بەرپرسانی ڕێژیم هەموو سروەت و سامانی خەڵکی ئێرانیان بەتاڵان بردووە و هەرجارە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی یەکێک لە کاربەدەستەکانی خۆیان دەکەنە قوربانی.