کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەوڵە قیزەونەکانی سپای پاسداران لە کوردستان

18:33 - 8 بەفرانبار 2722

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی سپای تێرۆریستیی پاسداران، جیاواز لە کوشتن و ئەشکەنجەی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان، ئێستا لە دەروازەی شارەکان وێستگەی بازڕەسییان داناوە و لەخۆڕا سەرئێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە  ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، لە ڕێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی بۆکان بۆ مەهاباد، سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم وێستگەیەکی بازڕەسیی بەمەبەستی ئەزیەتکردنی خەڵک داناوە و لە کردەوە قێزەونەکانیان دژی خەڵکی کوردستان بەردەوامن.

هاووڵاتییەک لەم بارەوە ڕاگەیاندووە "ئێمەیان لە بازڕەسییەکە ڕادەگرت یەکەمین شت مۆبایلەکانیان لێوەرگرتین و پاش گەڕانێکی زۆر کە زانییان هیچیان دەست‌ ناکەوێ، تەنیا لەبەر ئەوەیکە خەڵکی تووشی سەرئێشە بکەن پێمانیان وت دەبێ پاش نیوەڕۆ بێنەوە بۆ وەرگرتنی مۆبایلەکانتان، پاش ئەوەیکە ڕۆیشتین بۆ مۆبایلەکان، بێڕێزییەکی زۆریان پێ کردین و مۆبایلەکەیان لێ شاکاندین و ئەوکات جاشەکان ئیزنی ڕۆیشتنیان پێ داین".

ڕێژیمی ئێران کە لە لێواری رووخاندایە، بەو هەوڵانە دەیهەوێت کەشی ترس و تۆقاندن بەسەر خەڵکدا زاڵ بکات و تەمەنی خۆی بەو شێوەیە بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، درێژ بکاتەوە.