کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتالیا: سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئێران قەبووڵ ناکرێ

11:32 - 9 بەفرانبار 2722

سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا وتوویەتی ئەگەر ڕێژیمی ئێران پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانی لەهەمبەر سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئێراندا نەکا، ئەوە ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بڕیارێکی دیکە دژی ئەو ڕێژیمە دەردەکەین.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران وتوویەتی: "سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازیی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە، بە تایبەتی سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەر دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینەدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە قەبووڵ ناکرێ و چی دیکە کۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست ئەو پێشێلکارییە مرۆییە بێدەنگ نابێ".

لەلایەکی دیکەوە ئانتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، سەبارەت بە سەرکوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە بە بانگهێشت‌کردنی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئیتالیا، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە کۆتایی بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازی لە ئێران بێنێ و بە خێراترین کات سزای لەسێدارەدان بۆ دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینە ڕابگرێ.