کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو دامەزراوەی جیهانی: ئێران گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانان لە جیهانە

12:02 - 9 بەفرانبار 2722

دوو دامەزراوەی جیهانی لەوانە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان و ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، ڕێژیمی ئێرانیان لە سەرەوەی ئەو وڵاتانەدا پلەبەندی کرد کە وەک زیندان بۆ ڕۆژنامەوانان دێنە ئەژمار.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند کە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە دوای وڵاتانی چین، میانمار، تورکیە و بێلاڕووس لە سەرووی ئەو وڵاتانەدا پلە بەندی کراوە کە وەک زیندان بۆ ڕۆژنامەوانان دێنە ئەژمار و لە ئێستاشدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنانی ڕۆژنامەوان لە ئێراندا دەسبەسەر و زیندانی کراون.

هەروەها ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردەوە کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی گەڵانی ئێران ئەو ڕێژیمە بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی کردووە بە دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان و هەواڵنێران، ئەو ڕێکخراوەیە ئەو کارەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی بە "سەرکوتی گەورە" وەسف کرد.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران تەنیا یەک مانگ دوای ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، بە دەسبەسەرکردن و زیندانیکردنی ٤٧ ڕۆژنامەوان وەک سێیەمین زیندانی گەوەری ڕۆژنامەوانانی جیهان هاتە ئەژمار.

کریستۆف دولوار، سەرۆکی یەکەمی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لەوبارەوە ڕایگەیاند کە "تەنیا وڵاتانی دیکتاتۆر و سەرەڕۆن کە بە دەسبەرسەرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانان، زیندانەکانیان بە زووترین کات پڕ دەکەن، ئێمە دەبێ لە بەرانبەر ئەم ڕێژیمەدا ڕاوەستین و پێش بەو کارانەیان بگرین".

ئەو ڕێکخراوەیە سەبارەت بە توندوتیژی و ئازاردانی ڕۆژنامەوانان لە ساڵی ٢٠٢٢دا جەختی کردەوە کە لە ئێستادا ٥٣٣ ڕۆژنامەوان لە سەرتاسەری جیهان دەسبەسەر کراون و ٥٧ ڕۆژنامەوانیش گیانیان لەدەست داوە هەروەها ٦٥ ڕۆژنامەوان بە بارمتە گیراون و ٤٩ کەسیش بێسەروشووین کراون.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لەنێوان ئەو ٤٩ ڕۆژنامەوانەی کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا دەسبەسەر کراون ٢٢ کەسیان ژنن و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ژنان لەو ڕاپەڕینەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە.