لە چلەی چەند شەهیدی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، لە چەند شاری کوردستان و ئێران، خەڵکی تێکۆشەر پەیمانیان لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە و پێداگریی خۆیان لەسەر ڕووخانی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران دووپات کردەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێوەڕەسمی چلەی شەهید موحسێن نیازی لە شاری دێولان کە بە بەشداریی خەڵکی نیشتمانپەروەر بەڕێوە چوو، وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدان، دژی ڕێژیمی ئێران و جاشە خۆفرۆشەکان دروشمیان دا.
لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵکی نیشتمانپەروەری دێولان، بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، هەستی نیشتماپەروەریی خۆیان بە داگیرکەران نیشان داوە و سەلماندیان کە گەلی کورد دەست لە ئامانجەکانی هەڵناگرێت.
هاوکات لە شاری سمیرۆم لە ئیسفەهان بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر ڕێوەڕسمی چلەی شەهید عەلی عەباسی بەڕێوە چوو، لەو ڕێوەڕەسمە بەشکۆیەدا خەڵکی ئازادیخواز بە دروشمی " نەمان بۆ خامنەیی و لەعنەت لە خومەینی" و چەندین دروشمی دیکە بێزاری و تۆڕەیی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی نیشان داوە.
لەلایەکی دیکەوە لە تاران لە ڕێوەڕەسمی چلەی شەهید حەمیدڕەزا ڕوحی، خەڵکی ئازادیخواز دژی ڕێژیمی ئێران و عەلی خامنەیی دروشمیان دا کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هێرشیان کرایە سەر و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە.
هەروەها لە مەرودەشتی سەر بە پارێزگای فارس، لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهید ئارمان عێمادی خەڵکی تێکۆشەر بە دەیان دروشمی جۆراجۆر دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.