![](/content/upload/1/news/57650_w920.jpg)
پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان وتوویەتی کە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لاوازە و پڕە لە هەڵەی سەرەکی، سەرەڕای ئەوەش هێزەکانی ڕێژیم ئەو یاسا لاوازەی خۆیان پێشێل دەکەن و هیچ یاسایەکیش بۆ سزادانی خۆیان نییە.
مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان، ڕۆژی هەینی ٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە خوتبەکانیدا، بە ئاماژە بە سەرکوت و کوشتنی خەڵک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و هەروەها وتنی ئەوەیکە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پڕە لە کێشە و زۆر لاوازە وتی: "هیچکەس ناتوانێ ئیدیعا بکا کە نوێنەری خودایە لەسەر زەوی".
ناوبراو بە ئاماژە بە کوشتنی"سۆها ئێعتباری" منداڵی تەمەن ١٢ ساڵ و خەڵکی هورمۆزگان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە وێڕای ڕەخنەگرتنی توند لە هێزەکانی ڕێژیم وتی: "ئەو کارە جینایەتە".
سۆها ئێعتباری، شەوی شەممە ٤ی بەفرانبار لەنێو ماشینەکەیاندا لەلایەن هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا.
مەولەوی عەبدولحەمید لە درێژەی قسەکانیدا سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر مافی بەرانبەر و یەکسان لەنێوان ژن و پیاودا، کارکردی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی بەنیسبەت ژنان بە هەڵە ناوبرد و وتی: "ئەگەر گەشتی ئیرشاد بەرپرسایەتییەکی لەنێوخۆی وڵات هەبووبایە، ڕێگەی بۆ ئازادکردنی هەموو ژنە بەندکراوە سیاسییەکان خۆش دەکرد، نە ئەوەیکە پاش دەسبەسەرکردن بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە بیانکوژێت.