کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنە قارەمانی یەکەمی شەترەنجی ئێران، ناگەڕێتەوە ئەو وڵاتە

16:24 - 9 بەفرانبار 2722

دوای ئەوەیکە چەند کەس لە قارەمانانی شەترەنجی ئێران لە کێبڕکێیە جیهانییەکاندا سەرپۆشەکانیان وەلانا و پاش گەڕانەوەیان بۆ ئێران لەگەڵ دژکردەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەوە و بە ناچاری ئێرانیان بەجێ هێشت، ئەمجارەش سارا خادمولشەریعە ژنە قارەمانی یەکەمی شەترەنجی ئێران بە ناچاری بەرەو وڵاتی ئیسپانیا کۆچی کرد.

سارا سادات خادمولشەریعە وەک نوێنەری  ئێران لە یەکەمین بەشداریی خۆی لە کێبڕکێیەکانی قارەمانییەتیی شەترەنجی جیهان کە لە وڵاتی قەزاقستان بەڕێوە چووبوو بێ حیجاب بەشداریی کرد و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، لەگەڵ بنەماڵەکەی ئێرانی بەرەو وڵاتی ئیسپانیا بەجێ هێشت.

خادمولشەریعە تەمەنی ٢٦ ساڵە و وەک باشترین ژنی شەترەنجبازی خەڵکی ئێران لەو کێبڕکێیانەدا بەشداریی کردبوو.

پێشتریش نوێنەرانی شەترەنجی ئێران لەوانە میترا حیجازی پوور شەترەنجباز و شۆهرە بەیات داوەری نێونەتەوەیی شەترەنجی ئێران لە کێبڕکێ جیهانییەکاندا بەبێ سەرپۆش بەشدارییان کردبوو کە لە ئاکامدا ناچار بوونە بۆ دەرەوەی ئێران کۆچ بکەن.