کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بە وڵامدانەوە دەکەین

10:40 - 10 بەفرانبار 2722

وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی بریتانیا ڕایگەیاند کە، تا کاتێک کۆماری ئیسلامی لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران وڵامدەر نەبێ، گوشار و هەنگاوەکان دژی ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەبێ.

ڕۆژی هەینی، ٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، جەیمز کلۆرلی، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی بریتانیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: تا کاتێک حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و هەروەها ئەشکەنجەی بەندکراوانی سیاسی وڵامدەر نەبێ، هەنگاوەکانی لەندەن دژی ئەو حکوومەتە بەردەوام دەبێ و هەموو گوشارێکیش دەخرێتە سەری بۆ ئەوەی کۆتایی بە سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەران بێنێ.

ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەسەر گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کردەوە و وتی: ئێمە لە کاتی شەهیدبوونی "ژینا ئەمینی"یەوە تا ئێستا، ٤٧ کەسی سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییمان خستۆتە لیستی گەمارۆکانەوە، ڕێژیمی ئێرانمان لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دا دەرکرد و لە داهاتووش‌دا درێژە بە گەمارۆکانمان دژی سپای تێرۆریستیی پاسداران دەدەین.