کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگەی جیهانیی سوورە لەسەر پاراستنی گیانی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران

10:50 - 10 بەفرانبار 2722

پاش تێپەڕینی سێ مانگ لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانی لەسەر پاراستنی گیانی خەڵک بەردەوامە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان دەڵێن: دەبێ ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران وڵامدەر بێ.

دەوڵەتی کانادا، ڕۆژی هەینی ٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر پشتیوانی لەمەڕ پاراستنی گیانی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، دەوڵەتی کانادا نیگەرانە لە کوشتن و سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئێران لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە و ئێمە بە وردی چاوەدێریی بارودۆخی ئێران دەکەین و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەردەوامین لە بینینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران.

هەروەها دەوڵەتی کانادا لەبەرەبەرەی سێهەمین ساڵیادی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، کە لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە گیانیان لێ ئەستێندرا، ڕایگەیاند کە پشتیوانییەکانمان لە بنەماڵەی ئەو قوربانییانە بەردەوامە و ڕێکخراوی کۆچ و پەنابەریی کانادا هەموو هەوڵێک دەدا بۆ جێگیرکردنی بنەماڵەی قوربانیان لە وڵاتی کانادا.