کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریکردنی هێزەکانی ڕێژیم لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدانی جوانڕۆ

11:14 - 10 بەفرانبار 2722

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە جوانڕۆ، هەوڵیان داوە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی چلەی شەهیدانی ڕاپەڕینی ئەو شارە بکەن و خەڵکی "جوانڕۆ"ش ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ چلەی ماتەمینی شەهیدانی ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی، هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران، هەوڵیان دا ڕێگری لە بەڕێوەچوونی چلەی شەهیدانی جوانڕۆ بکەن، بەڵام خەڵکی شۆڕشگێڕی ئەو شارە بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و شەهید نامرێ ڕووبەڕوویان بوونەوە و خۆیان گەیاندە سەر گۆڕستان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکە.

سپای تێرۆریستیی پاسداران لە کوردستان، هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی لاوان و خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان سەرکوت بکا و لە زۆربەی شارەکان‌دا هێزێکی زۆری جێگیر کردووە، سەرەڕای کەشێکی تەواوی ئەمنییەتی و مێلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان، خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان بێ ئەوەی لە هەڕەشەکانی ڕێژیم بترسن، بە دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامی، ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدانی ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینا بەڕێوە دەبەن و یاد و ناویان بەرز ڕادەگرن.