یاسادانەرێکی وڵاتی ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە هەتا ئێستا زیاتر لە سەد سیاسەتمەداری ئاڵمانی کەفاڵەتی سیاسیی خۆپیشاندەرانی زیندانی لە ئێرانیان وەئەستۆ گرتووە.
ڕۆژی هەینی ٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کاوە مەنسووری بە ڕەچەڵەک ئێرانی و نوێنەری پارلمانی ئاڵمان لە حیزبی سۆسیال دێموکرات لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت وتی، دەتوانین بڵێین کە هەتا ئێستا نوێنەرانی تەواوی حیزبەکانی ئاڵمان بە کەمپەینی قەبووڵکردنی کەفاڵەتی زیندانییانی سیاسی لە ئێران پەیوەست بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە بەشێک لە نوێنەرانی پارلمانی وڵاتانی دیکەش وەکوو "فەرانسە و بریتانیا" لەگەڵ نوێنەرانی ئاڵمانی پەیوەندییان گرتووە کە کەفاڵەتی زیندانییانی خۆپیشاندەر لە ئێران وەئەستۆ بگرن.
پێشتریش لە هەوڵێکی مێژوویی و یەکدەستدا هەموو ١٨٣ نوێنەری پارلمانی ئۆتریش، کەفاڵەتی سیاسیی زیندانییانی سیاسیی ئێرانیان وەئەستۆ گرت.
هەروەها لە ئوسترالیا سێ ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەو وڵاتە لە کەمپەینی کەفاڵەتی سیاسیی زیندانییانی سیاسی لە ئێراندا بەشدارییان کردووە.
مەنسووری، وتوویەتی قەبووڵکردنی کەفاڵەتی زیندانییانی سیاسی ئەو هەلە بۆ ئەو کەفیلانە دەڕەخسێنێت کە بە ناردنی نامە بۆ باڵوێزخانەکانی ڕێژیم، پارێزەران و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بەدواداچوون بۆ دۆسییەی زیندانیان بکەن و پێش بە دادگایی ڕەواڵەتیی بەندکراوان بگرن.