کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی خیزی چۆمی گادەری شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

13:07 - 10 بەفرانبار 2722

بەتاڵانبردنی خیزی چۆمی گادەری شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ کە وەک سەرمایەیەک بۆ ئەو شارە و کوردستان دێتە ئەژمار لەلایەن کەسانی هەلپەرەست و سەر بە ڕێژیم سەرەڕای سکاڵای بەردەوامی خەڵک لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە.

ماوەی چەند ساڵێکە خاوەن ئاشی خیزەکان، بەڕێوەبەری ئیدارەی نەڵۆس، ئیدارەی ئاو، ئیدارەی ڕێگاوبان و فەرمانداریی شاری شنۆ لە پرۆسەیەکدا دەستیان بە ژینۆسایدی ژینگەیی و تاڵانکردنی خیزی چۆمی گادەری شاری شنۆ کە وەکوو سەرمایەی گشتیی هاووڵاتیان لە شنۆ دێتە ئەژمار کردووە و ئامادە نین واز لەو کارە بێنن.

هەڵگرتنی لەڕادەبەدەری خیز لەو چۆمە جیا لە زیانی ئابووری، زیانی ژینگەیی لەوانە "کۆچی باڵندەکان، دابەزینی ئاستی ئاو، وشکبوونی سەرچاوەکان، زەرەر و زیانێکی  زۆری بە ناوچەیە گەیاندووە.

هەروەها زیانێکی زۆریشی بە ڕێگاوبانەکان وەک "خرابکردنی ڕێگاکان، بەرزبوونەوی ڕێژەی ڕووداوی هاتوچۆ، لە خەسارەکانی دیکەی هەڵگرتنی خیز لەو چۆمە دێنە ئەژمار.

هاووڵاتییانی شاری شنۆ کەمپەینێکیان بۆ پاراستنی چۆمی گادەر پێک هێناوە بەڵام سەرەڕای ئەوەیکە ناوەندەکانی ڕێژیم هاوکاریی ئەو کەمپەینە ناکەن بەڵکوو بە بانگکردنی کەسانی چالاک بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکان هەوڵ دەدەن خەڵک لەو کەمپەینە دوور بخەنەوە.