کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری فەرانسە: ڕێژیمی ئێران، درۆزنترین و چەواشەکارترین ڕێژیمی مێژوویە

12:21 - 14 سەرماوەز 2722

ئێمانۆئێل ماکرۆن، بە ئاماژە بەو تۆمەتگەلەی کە ڕێژیمی ئێران خستوویەتە پاڵ ٧ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی فەرانسەیی لە ئێران وتی کە ئێمە هاوڵاتییانی خۆمان لە ئێران بە تەنیا بەجێ ناهێڵین.

ماکرۆن، سەرکۆماری فەرانسە، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاڤۆکی"لۆپاریزێن" جارێکی دیکە بە مەحکوومکردنی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر دەسبەسەرکرانی ٧ هاووڵاتیی فەرانسەیی وتی: "ڕێژیمی ئێران درۆزنترین و چەواشەکارترین ڕێژیمی مێژوویە و دەبێ ئەوە باش بزانێ کە ئێمە هاوڵاتییانی دەسبەسەرکراوی خۆمان لە ئێران بە تەنیا بەجێ ناهێڵین".

ناوبراو لەدرێژەدا هەروەها وتی کە هاووڵاتییانی ئێمە بە هۆکاری ئاکادێمیک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتە دەرسییەکانیان ڕوو لە وڵاتی ئێران دەکەن و هیچ درۆ و تۆمەتێکی وەپاڵدراو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانمان قەبووڵ ناکەین.

جێگەی ئاماژەیە کە لەماوەی ڕابردوودا و لە کاتی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی ئاخوندی زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتیی بیانی لەلایەن دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی و هاندانی خەڵکی ئێران دژی دەسەڵات دەسبەسەر کراون کە ٧ کەسیان خەڵکی وڵاتی فەرانسەن.