![](/content/upload/1/news/43415_w920.jpg)
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شۆرای دێموکراسیخوازانی ئێران و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران، لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان لە ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار و بانگەوازی سێ ڕۆژە بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان دەربڕی.
دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:
لە ڕۆژی خوێندکاردا یەکدەنگ دەبین لەگەڵ خوێندکاران دژی زوڵم و کۆنەپەرەستی
١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکاری ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ڕاپەڕینە گشتییەکەی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئاخوندی و هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەکەوە زانکۆ و خوێندکارانی زانکۆ دەور و نەخشێکی گرینگیان لەو ڕاپەڕینەدا هەبووە.
شۆرای سێنفی و ڕێکخراوە خوێندکارییەکان و هەروەها شۆرای شۆڕشگێڕی شەقامەکانی کوردستان و ئێران لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازێکی بەربڵاویان بۆ ڕۆژی خوێندکار لە ١٦ی سەرماوەز بڵاو کردەوە و هێندێک لە حیزبەکان، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان، ڕێکخراوە فەرهەنگییەکان و هەروەها سیما ناسراوەکانی ئێران و کوردستان پشتیوانیی خۆیان لەو سێ ڕۆژە مانگرتن و ڕاپەڕینە بەتایبەتی لە ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار دووپات کردەوە و ڕایانگەیاند کە خەبات و شۆڕش دژی دیکتاتۆری و ڕێژیمی ئاخوندی تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان بەردەوامە.
بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران لە کاتی دامەزرانیەوە لە زانکۆی تاران، بە وەردبینیەوە ڕووبەڕووی زوڵم و زۆر بووەتەوە و لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵک بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ تێکۆشاوە و خەباتی کردووە.
خوێندکارانی ناڕازی و بەهەڵوێست چ لە سەردەمی ڕەشی پاشایەتیدا و چ لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ئایینی و ئاخوندیدا، بەردەوام بۆ جێگیرکردنی دادپەروەری و دێموکراسی هەوڵیان داوە و لەو پێناوەدا زۆربەی خوێندکاران لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەیارانی گەل و نیشتماندا تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون.
دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامیی هەر لە سەرتاکانی هاتنە سەرکاریەوە دەیزانی کە هێزی خوێندکار لە زانکۆکاندا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دەسەڵاتداریی ئەوان و بۆیە بە درێژایی دەسەڵاتداریی حکوومەتە دیکتاتۆرەکەیان بەردەوام، خوێندکاران و خەڵکیان سەرکوت کردووە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئێمە سێ هاوپەیمانیی سیاسی سەرەڕای پیرۆزبایی ڕۆژی خوێندکار، یەکدەنگ و یەک هەڵوێست لە ڕۆژانی دیاریکراودا وێڕای خەڵکی بوێر و چاونەترسی گەلانی ئێران دەڕژێینە سەر شەقامەکان و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، دەیسەلمێنین کە هەموو گەلانی ئێران و چین و توێژە جیاوازەکان هەموو یەکدەنگ هاتووین بۆ ڕووخانی کۆماری جینایەتکاری پەت و سێدارە.
خوێندکار دەمرێت، بەڵام ژێردەستی قەبووڵ ناکات
پیرۆز بێت بزوتنەوی شۆڕشگێڕیی"ژن، ژیان، ئازادی"
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ
شۆرای دێموکراسیخوازنی ئێران
هاوپێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران