کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: هیچ جۆرە نیشانەیەک لە باشتربوونی دۆخی ژنان لە ئێراندا نابیندرێت

11:10 - 15 سەرماوەز 2722

ئامریکا لە کاردانەوە بە پڕوپاگەندەی ڕێژیمی ئیران لەسەر داخستنی چالاکییەکانی گەشتی ئیرشاد و هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی کۆمەڵگەی جیهانی ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ جۆرە نیشانەیەک لە باشتربوونی بارودۆخی ژنان لە ئێران لەئارادا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بەرپرسێکی کۆشکی سپیی ئامریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، سەبارەت بە پڕوپاگەندەی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر داخستنی چالاکییەکانی گەشتی ئیرشادی ئەو ڕێژیمە وتی: "ئەو کارە تەنیا کارێکی نمایشی بۆ تەبلیغات و بەلاڕێدابردنی بێروڕای گشتیی کۆمەڵگەی جیهانییە و تا ئێستاش بارودۆخی ژنان لە ئێران ڕووی لە خراپییە".

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری ئاڵمان لە پارلمانی ئورووپا وتی: "ئیدیعای داخستنی گەشتی ئیرشاد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تەنیا بۆ بەلاڕیدابردنی ڕاستییەکانە و جینایەتەکانی وەک لەسێدارەدان، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و دەسدرێژیی جنسی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەوە، بووە بە ڕاستییەکی مەترسیداری ڕۆژانە".