کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئیزنی چارەسەرکردنی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکان نادا

11:34 - 15 سەرماوەز 2722

لە نەخۆشخانەکانی کوردستان بەتایبەتی لە نەخۆشخانەکانی ورمێ، ژمارەیەکی زۆر لە برینداری ڕاپەڕینەکانەکان بوونیان هەیە کە بە بڕیاری کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، پزیشکەکان ناتوانن تەنانەت عەمەلیاتیشیان بۆ بکەن.

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە تا ئێستا دەرکەوتوون و پاش وتووێژ لەگەڵ چەندین کادری دەرمانیی نەخۆشخانەکانی کوردستان بەتایبەتی نەخۆشخانەکانی ورمێ، دەرکەوتووە کە ڕێژیم لە ڕێگای سپای پاسداران و حەراستی نەخۆشخانەکانەوە، ئیزن بە پزیشکە پسپۆڕەکانی نەشتەرگەری نادات کە ئەو خەڵکە بریندارەی کە لەکاتی شۆڕشی گەلانی ئێران بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بریندار ببوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری گوزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان نەشتەرگەرییان بۆ بکرێ، ئێستا بارودۆخی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکان زۆر هەستیار و مەترسیدارە و بەردەوام لە ڕێگەی هێزەکانی سپا و حەراستی نەخۆشخانەکانەوە لەژێر چاوەدێری ورددان.

ئەم هەوڵانەی ڕێژیم پێچەوانەی هەموو یاساکانی مانگی سووری جیهانییە و تەنانەت بریندارێکی کورد کە دەکرا بە نەشتەرگەرییەک گیانی ڕزگار بکرێ، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ئیزنی ئەو کارەیان بە پزیشکەکە نەداوە و بەداخەوە ئەو هاووڵاتییە کوردە شەهید بووە.

بەپێی هەموو بڕیارنامە یاساییە نێونەتەوەییەکان و کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان، ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران، بۆ چارەسەرنەکردنی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکان، جینایەتێکی ڕوون و ئاشکرای شەڕە و هەروەها بە ژینۆساید ناو دەبردرێت.