کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کچی کورد ناویان لە لیسەی سەد ژنی کاریگەری ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدایە

17:58 - 15 سەرماوەز 2722

هەواڵدەریی بی‌بی‌سی لیستێکی لە ١٠٠ ژنی کاریگەر لە سەرتاسەری جیهان بڵاو کردووەتەوە کە ناوی دوو کچی کوردی ڕۆژهەڵات بەناوەکانی زارا محەممەدی و ڕۆیا پیرایی لەو لیستەدان.

کاناڵی هەواڵدەریی بی‌بی‌سی، ناوی سەد ژنی وەکوو کاریگەرترین ژنانی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیی ئاشکرا کردووە  کە ناوی " زارا محەممەدی" مامۆستای وانەی کوردی، کە بەهۆی وتنەوەی وانەی کوردی لەلایەن ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە، لەو لیستەدایە.

ڕۆیا پیرایی، خەڵکی کرماشان یەکێکی دیکە لە کچانی کوردە کە ناوی لەو لێستەدا هاتووە.
ڕۆیا پیرایی کچی مینوو مەجیدییە کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا بەتەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید بوو، رۆیا لە سەر گۆڕی دایکی قژی خۆی بڕی و بە ئیرادەوە چاوی لە کامێراکان بڕی.

ناوی چەند ژنی دیکەی ئێرانی وەکوو گەوهەر عیشقی و ئێلناز ڕکابی، لە لیستی سەد ژنی کاریگەری ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدان.

ئەو لیستە نیشاندەری ڕۆڵی ژنانی سەرتاسەری جیهان لە چەقی تێکهەڵچوونەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیە و خۆپیشاندەرانی ژن کە دلێرانە داوای ئاڵوگۆڕ لە ئێران دەکەن هەتا ئەو ژنانەی کە لە شەڕی ئۆکرایندا بەرگری دەکەن، لەخۆ دەگرێت.