کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

11:06 - 10 سەرماوەز 2722

شاری مەهاباد و دەورووبەری بەمەبەستی کۆنترۆڵ و سەرکوتی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە مێلیتاریزە کراوە.

لە ماوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان دژی ڕێژیمی ئێراندا، ئێستا هێزەکانی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بەتەواوەتی ئەو شارەیان مێلیتاریزە کردووە.

 لە گەڕەکەکانی"کانی سۆفی تەها، ئەسحابەی‌سپی و پشت‌تەپ"، هێزەکانی ڕێژیم لە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی بەوڵاوە لاوانی ئەو شارە دەسبەسەر دەکەن و زۆربەی خەڵکی ئەو گەڕەکانە لە ترسی دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، شوێنی نێشتەجێبوونی خۆیان بەجێهێشتوو و ڕوویان لە گوندەکانی دەرووبەری مەهاباد کردووە.

سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سەر ڕێگای مەهاباد بۆ پەسوێ و ڕێگای مەهاباد بۆ میاندواو و هەروەها ڕێگای مەهاباد بۆ ورمێ، خاڵی پشکنینیان داناوە و هاتوچۆی خەڵک کۆنترۆڵ و چاوەدێری دەکەن.

هەروەها جاشە خۆفرۆشەکانی ئەو شارەش، هەموو ئەو شوێنانەی لە نێوان جادەکان و نزیک شار بۆ نوێژکردن تەرخان کراوە، داویانە بە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم.