عەلی بداغی
بەدوای دەسپێکی شەڕی ڕووسیە دژی ئۆکراین لە ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە گەورەکردنەوەی کێشەی ڕۆژئاوا لەمەڕ دابینکردنی وزە و سووتەمەنیی هاوردە لە ڕووسیەوە؛ پێشبینیی زستانێکی ئەوپەڕی ساردیان بۆ ئورووپا دەکرد، زستانێکی سارد کە ئورووپا بەچۆک دادێنی و بەوە بەرەی ڕووسیە-ئێران لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بەهێز دەبێت و گرەوەکە دەباتەوە. بەڵام "شۆڕشی ژینا" هەر لە هاوینەوە ئەو تووش و بەستەڵەکەی تووشی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە.
نیزیک بە سێ مانگ دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا ڕەنگبێ باشترین بەڵگە بۆ دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشە، نهێنییە درکاوەکان لە دانیشتنی ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکان، بەتایبەت بۆڵتەنی تایبەتی بۆ فەرماندەی سپای پاسداران بێت کە لەودا بەئاشکرا ددان بەوە دانراوە ئەگەرچی ڕێژیم پتر لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ خەڵکی کوشتووە، بەڵام ئەو کوشتارە پاشەکشەی بە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکان نەکردووە. ئەوە کە ڕێکخراوی بەسیج هڵۆڵ بووە و توانای ڕێکخستنی لایەنگرانی ڕێژیمی نەماوە و، ئەوەش کە بەپێی لێکدانەوەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا و ڕووسیەش وڵات لە دۆخی ڕاپەڕیندایە.
چەند ئامار و زانیارییەکی دیکەی ئەو بۆڵتەنە نێوخۆییە بۆ ئاکامگیری لەو باسە گرینگن: لەگەڵ ئەوەدا کە مێدیای ڕەسمی ئەژماری خەڵکی ناڕازیی سەرشەقامی بە کەمتر لە ٤٠ هەزار کەس دادەنا، بەڵام لەو بۆڵتەنەدا گوتراوە حەشیمەتی ناڕازیی سەرشەقام پتر لە ٦٠٠ هەزار کەسن، ناڕەزایەتییەکان ٢٢ پارێزگای وڵاتیان گرتۆتەوە و جیا لە مانگرتنی بەردەوام لە بەشێکی زۆر لە کوردستان زیاتر لە هەزار کۆبوونەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتی لە زانکۆکان بەڕێوە چوون. ئەوە کە ناڕەزایەتییەکان سەرانسەرین و تەنانەت بەشێکی زۆری دەسبەسەرکراوان لە بنەماڵەی کوژراوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاق و لە کارمەند و مووچەخۆرانی دەوڵەتن، و ئەوەش کە سەتا ٨٤ی خەڵک ناڕەزایەتیی سەرشەقام بە چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگە دەزانن و سەتا ٧٠ی خەڵکی ئێران هیچ مەیلێکیان بۆ پشتیوانی لە ڕێژیم نییە، واتە شەرعییەت و ڕەواییەتی کۆماری ئیسلامی بە یەکجاری هەرەسی هێناوە. گرینگتر لە هەموو ئەوانەش ئەوە کە ترسی خەڵک لە هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم شکاوە.
بابەتی گرینگی دیکە لەو بۆڵتەنەدا داننان بە ئاستی تەمەنیی بەشدارانە کە گوتراوە لەو ٣٠ هەزار کەسەی هەتا سەرەتای مانگی سەرماوەز بە تاوانی بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا گیراون ٢٥٠٠ کەسیان قوتابین و پتر لە سەتا ٤٠یان خوار تەمەن ٢٠ ساڵن، هەروەها سەتا ٩٣ی دەسبەسەرکراوەکان هیچ پێشینەیەکی گرتن و تاوانکارییان نەبووە. ئەمەش دوو دەرهاویشتەی هەیە: یەکەم مایەپووچبوونی ڕێژیم لە پەرورەدەکردنی نەوەیەکی لایەنگری نیزام سەرەڕای تەرخانکردنی هەموو ئیمکاناتێکی ماددی و مێدیایی بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو. دووهەم، وەدرۆکەوتنەوەی دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیم کە گوایا دەسبەسەرکراوان هەموو بەکرێگیراوی بیانییەکان و کەسانی لاپرەسەن و لاتولووتەکانی کۆمەڵگە بوون! بۆیە وەک بۆخۆیان دانی پێدا دەنێن ڕاپەڕین هەموو کەلێن و قوژبنی وڵاتی تەنیوە و ئەوە هێزەکانی ڕێژیم کەوتوونەتە تەنگانەوە، بۆیەشە خامنەیی لەلایەک بە چەندقاتکردنی مز و مووچەیان و لەلایەکی دییشەوە بە هەڕەشە و ترساندن بۆ خۆڕاگری لەهەمبەر شۆڕشی خەڵک هانیان دەدات.
ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" هەتا ئێستا توانیویەتی کۆمەڵگەی ئێران لە ئاستی سەرانسەریدا بۆ خەباتێکی بەردەوام لەدژی دەسەڵات ڕێک بخات، ترسی لاوان و ژنان لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنیەتییەکاندا نەهێڵی و لەپێناو ئامانجێکی هاوبەشی چارەنووسسازدا هاوپێوەندیی نێوان چین و توێژ و نەتەوە بەرهەڵستکارەکانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بەرینتر و بێوێنە بکات؛ بە جۆرێک کە هیچ کام لە سیاسەت و بەرنامە کردەیی و سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم نەیتوانیوە درز بخاتە نێوان ئەو یەکڕیزی و هاوپێوەندییە. هەروەها ڕوون و ئاشکراشە پێچەوانەی ئەوەی ئیدیعا دەکەن کە هەتا ئێستا هەوڵیان داوە بە نەرمینواندن کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بێنن، ئەو قسانە نیشانەی دەستەوەستانی و بێتواناییانە، ئەگینا هەموو هەوڵی هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکان زووتر بنەبڕکردنی ڕاپەڕینەکەیە، بۆیە تەنانەت تاقم و هێزە بیانییەکانی سەر بە "بەرەی مقاومەت"یشیان بە خڕی لە سەرکوتی خەڵکدا بەشدار کردووە، یا ئەو ڕادەیەش کە ڕێگەیان پێ بدەن بۆ قەڵتوبڕی خەڵکی بێدیفاعی کوردستان کە بە دەستی بەتاڵ لەسەر شەقامەکانن، چەکی نیوەقورسی دۆشکا بەکار بێنن.
لافاوی ڕاماڵینی کۆماری ئیسلامی وەڕێ کەوتووە. کورد و نەتەوە بێمافەکانی دیکەی وەک بەلووچ کە لەمێژساڵە بانگی ئازادیخوازییان لە پێچەڵپێچەکانی دەزگای چەواشەی ڕێژیمدا بە جیاییخوازی لێک دەدرایەوە و دەرخواردی بیروڕای گشتی دەدرا، ئێستا نەک دەنگیان وەک خۆی دەبیسترێ، بەڵکوو بوونەتە پێشەنگ و ئیلهامدەر و هاودەنگی و هاوپشتیی هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئێرانیان ڕەگەڵ خۆیان خستووە. ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام و هاواری خوێندکاران و مانگرتنی بازاڕ، ئاوێتەی مانگرتنی کرێکاران، سەنعەتکاران، بارهەڵگران و زۆربەی جومگە ئابوورییەکان بووە و هەر لەو سۆنگەیەوە لە ئێستاوە بۆرسەی وڵات داڕماوە.
سەرهەڵدانی ئەمجارەی ئێران بارودۆخی وڵاتی بە شێوەی بنەڕەتی گۆڕیوە و گەیوەتە خاڵی بێگەڕانەوە. ئەم ڕاپەڕینە هەم کەڵەکەبووی ناڕەزایەتییەکانی چوار دەیەی ڕابردوو، و هەم لێکگریدانی ناڕەزایەتییەکان بۆ مافی نەتەوایەتی، ئازادیی سیاسی، یەکسانیی ڕەگەزی، باشبوونی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە ڕیزی پیاوان و ژنان، قوتابییان و مامۆستایان، کرێکاران و وەرزێڕان، هونەرمەندان و وەرزشکارانی خەباتکاری یەک خستووە و کردوونی بە ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگر لەدژی کۆماری ئیسلامی.
کۆماری ئیسلامی لە کوێرەکۆڵانی ئێستای دۆخەکەیدا چەقیوە. ناڕەزایەتییەکان نەک بە ڕیزکردنی هەموو ناوەندەکانی سەرکوت و بە زەبری چەک و زەبروزەنگ و سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەر دەسبەسەرکراوەکاندا دانەمرکاون، بەڵکوو قەیرانە ئابوورییەکان لە مانگەکانی داهاتوودا هیندەی دیکە بڵیسەدارتری دەکەن. ڕێژیمیش کە نەک دەرفەتی هیچ پاشەکشە و چاکسازییەکی بۆخۆی نەهێشتۆتەوە، بەڵکوو هەر لە جێدا زەرفییەتی بادانەوە و لاکردنەوە لە خواستەکانی خەڵکی نییە، چونکی خۆیشی دەزانێت کە ئەو دۆمێنۆیە یەکسەر بەرەو هەڵدێری نەمانی نەبات. لە ئاستی نێونەتەوەییشدا گوازرانەوەی پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە بابەتێکی مێدیایی ڕا بۆ "پێکهێنانی لێژنەی دەرخستنی زانیارییەکان" وەک بەرگژەیەکی نێودەوڵەتی بۆ کۆماری ئیسلامی لە تەنیشت وەلانرانی "بەرجام" و قەیرانی هاوبەشیی ڕێژیم لە شەڕی ئۆکڕایندا دۆخەکەی بۆ تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی تەواو شپرز کردووە.
زستانێکی سارد و تووش چاوەڕوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.