کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی شۆڕش، ئەوەی ڕێژیم دەیویست و ئەوەی کورد کردی

18:56 - 15 سەرماوەز 2722

پژمان شەریعەتی

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پاش گەیشتنە دەسەڵات و پێش لەو قۆناغەش کۆمەڵە درۆشمێکی بۆ کردنەوەی دەنگ و متمانەی خەڵکی ئێران و هاوپەیمانە سیاسییەکانی دەدان کە هیچیان بە کردەیی نەکران، چ ئەوانەی لە بواری چاکسازی بۆ ژیانی گەلانی ئێران دەیانگوت، چ ئەو دروشمانەی لە چوارچێوەی بیری تەسکی ئیدئۆلوژیکیاندا بوو.

"هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی" یەکێک لەو دروشمانەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی باسی کردووە و ئەستۆندەکی سیاسی دەرەوەی ئەم ڕێژیمە بووە. وەک چۆن خامنەیی هەمیشە خەونی بە ڕێبەریکردنی دنیای ئیسلام (شیعی)ەوە بینیوە و لە چوارچیوەی ئەو دروشمەدا ویستوویانە ئیمپراتورییەکی ئیسلامی بە سەرکردایەتیی خۆیان لە ناوچەکە و جیهاندا پێک‌بیهێنن.

هیلالی شیعی ئەو ستراتیژییە ئیدئۆلۆژیکییە بووە کە کۆماری ئیسلامی لەو پێناوەدا هەتا ئیستاش وەبەرهێنانێکی زۆری لەسەر کردووە. لەسەر حسێبی سامانی گشتیی وڵاتی ئێران و ژێرخانی ئابووریی ئەم وڵاتە بە دەیان میلیشیا و گرووپی تێرۆریستیی لە ناوچەکە و جیهاندا پێک‌هێناوە و سپانسەریی تێرۆریزمی دەوڵەتیی لەپێناو گەیشتن بەو خولیایە کردووە. ئەم ستراتیژییە زۆر قۆناغی بڕیوە، کەچی سەرەڕای تەرخانکردنی سەدان میلیارد دۆلار هەتا ئیستایش نەیانتوانیوە لە دەروەی سنوورەکانی ئێران پێگەیەکی سەقامگیر لەپێناو جێگیربوونی بەرزەفڕییەکانیدا چێ بکا و بۆی نەکراوە لە وڵاتێک بناخەی دەسەڵاتە ئیدئۆلۆژیکەکانی قایم بکات.

ئاکامی هەناردەکردنی شۆڕش لەلایەن ئەم ڕێژیمەوە کە بۆ ئەمە پشتی بەو میلیشیا و گرووپە تێرۆریستانەی سەر بە خۆی بەستووە، ئاژاوەنانەوە و قەیرانخوڵقێنی لە وڵاتانی وەکوو عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن بووە کە لە بنەڕەتدا وڵاتانێکی ناسەقامگیری سیاسی بوون و ڕێژیمیش وەکوو پێگەیەکی تێرۆریستی بەدژی وڵاتانی دیکەی ناوچە و جیهان بەکاری هێناون. هەر بەو پێیەش بەگشتی پرۆژەی هەناردەکردنی شۆڕش لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چ لە ڕوانگەی هزری و چ لە ڕوانگەی هێزی ڕەق‌ئامێرییەوە (گرووپە ترۆریستییەکانی) ناسەرکەوتوو بووە.

بەڵام لە بەرانبەردا کوردستان کە هەموو کاتێک قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بووە، بە دوو مانگ شۆڕشێکی فکریی مەزنی هەناردە کرد بۆ هەمووی ئێران!

پاش کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان و هاتنەمەیدانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بە ئیرادیەکی بەرز و ئەندیشەیەکی گەورەوە، کوردستانیان سەلماندیان کە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەدەست‌هێنانی ئازادی و گەیشتن بە تەعالی، لە بەرامبەر هەر زۆردارێک ڕادەوستن و بوێرانە مافی خۆیان دەستێنن و لە بەرانبەر هیچ ستەم و زۆردارییەکدا بێدەنگ نابن.

دوو مانگ بەردەوامی و خۆڕاگریی شەقامی کوردستان بە مۆدێرنترین شێوازی خەبات و مۆدێرنترین ئەندیشەی ئینسانی، سەرنجی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و تەنانەت ناوچەکە و جیهانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بە پێشەنگایەتیی ژنانی بوێری کورد، کوردستان بووە سەنگەری ئازادیی ئێران. دوای تێپەڕینی ئەم شۆڕشە لە دوو مانگ و کاتێ پێی نایە نێو مانگی سێهەم، سەرەڕای گاردگرتنی هەندێک جەریانی سیاسی و بەشێک لە کۆمەلگەی ناوەندیی ئێران و نەتەوەکانی دی، لە ئاکامدا هیچ کام لەو هێز و ڕەوتانە نەک نەیانتوانی حاشا لەو بنەڕەتە بکەن، بەڵکوو وەریان گرت و کوردستانیان کردە پێوەری سەرەکی بۆ شۆڕشێکی سەرانسەری لە ئاستی هەموو ئێراندا.

حیماسەخوڵقێنیی کوردستان لە مانگرتن و خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان و هەر ئێستا کە مانگرتنەکانی ١٤-١٦ی سەرماوەز لە ئارادایە، بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکران بۆ ئەوەی بڵێین کە کوردستان شۆڕشی هەناردە کردوە بۆ هەموو ئێران و هێز و ئیرادەیەکی جەماەریی لەنێو هەموو نەتەوەکاندا بەدژی کۆماری ئیسلامی ڕێک خستووە.

لێرەدا جیاوازیی هەناردەکردنی شۆڕش لە ڕوانگەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە ڕوانگەی کوردییەوە، چەند خاڵێکی سەرەکی لە خۆی دەگرێت:

شۆڕشێک کە کورد باسی دەکات و هەناردەی کردووە بۆ سەرانسەری ئێران، شۆڕشی بایەخە مۆدێڕنەکانە و لە ڕووی هزر و ئەندیشەیە و بە بەیانکردنی و خۆڕاگری لەسەر شەقام بە ڕاشکاوانە و ڕوون وەکوو پەکەیجێکی کۆنکرێت و داڕێژراو لەبەر دەستی هەموو ئێراندا دانرا و کۆمەڵگەی ئێران بە کراوەیی وەری گرت و مانەوە و ڕزگاریی خۆی لەو شۆڕشەدا دەبینێ. لە لایەکی دیکەشەوە کورد هیچ هێزێکی سەختی بۆ سەپاندنی شۆڕشی ژینا بەکار نەهێناوە و ئەم شۆڕشە بە گیانفیدایی، خۆڕاگری و ئیرادەی بەرزەوە ئەم ڕەوتەی بڕیوە و هیچ لایەنێکی نەکردە قوربانی.

لەلایەکی دیکەشەوە دەبێ ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەندیشەی کوردی و خەباتی کوردستان بناغەیەکی نزیک بە سەد ساڵی هەیە و زۆر هەوراز و نشێوی بڕیوە و بووەتە ئەزموونێکی پڕبایەخ بۆ کوردستانیان و لە ئاکامدا کوردستان بووەتە مەکتەبێکی هزری و ئیستاکە دەبینین هزرەکانی دیکتە دەکات بە هەموو ئێران و نەخشەڕێگای ڕزگاریی بۆ گەلانی ئێرانی داڕشتووە و شۆڕشی سەردەمیانەی خۆی هەناردە دەکات.
 

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.