کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەرکێکی گرینگ

19:01 - 15 سەرماوەز 2722

ئاسۆ مینبەری

لە ٢٥ی نۆڤامبری هەموو ساڵێک هەتا ١٠ی دێسامبر و بە ماوەی ١٦ ڕۆژ کۆمەڵێک چالاکیی جیاواز لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان بەڕێوە دەچێ.

لە ڕاستیدا ٢٥ی نۆڤامبر و ئەو ١٦ ڕۆژە پڕتەقاڵییە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی کە فۆکۆسی زیاتر بخرێتە سەر ئەو پێشێلکارییانەی بەنیسبەت مافەکانی ژنان لە جیهاندا ڕوو دەدەن، هەر بۆیە زۆر بە بایەخەوە دەبێ لێی بڕوانین و بەتایبەتیش ڕێکخراوەکانی چالاک لە بواری ژنان زیاتر دەبێ هەوڵ بۆ کەڵک‌وەرگرتن لەم دەرفەتانە بدەن تاکوو بتوانن باشتر و زیاتر کار لە سەر کێشەکانی ژنان بکەن.

ئەمساڵ ٢٥ی نۆڤامبر و ١٦ ڕۆژی پرتەقاڵی هاوکات بووە لەگەڵ شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک کە قەتڵی حکوومەتیی ژنێک بوو بە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی!

لە ڕاستیدا خودی قەتڵی حکوومەتی یەکێک لە جۆرە دیارەکانی توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنان بەتایبەت لە کۆمەڵگەی ئێرانە، توندوتیژییەک کە دەسەڵات بەپێی دەرفەت و ئیمکاناتی خۆی و بە کەڵکوەرگرتن لە یاساکانی خۆی زۆر بەئاسانی دەیکات و لە بەرانبەر هیچ ئاسەوارێکیشیدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێ، هەربۆیە دەبێ گرینگییەکی تایبەتی پێ بدرێت و کاری زیاتری لەسەر بکرێت.

ڕاستیدا قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد توانی کۆمەڵگە بخاتە سەر هەست؛ فاکتەرە دیارەکانی ژن بوون و کوردبوونی ژینا لە قەتڵی حکوومەتیی ئەم کچە کوردەدا کاریگەرییەکی زۆریان هەبوو، ڕەنگە ڕووداوی لەم چەشنە بە ڕێژەیەکی دیار لە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕووی دابێت بەڵام قوربانی‌بوونی ژینا وەکوو کچێکی کورد و هەستیاربوونی کۆمەڵگەی کوردستان بەنیسبەت خاوەندارەتی کردن لە کچەکەی، وای کرد کە قەتڵی حکوومەتیی ژینا دەنگدانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا بێنێت و ببێتە یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی لانیکەم ١٠ ساڵی ڕابردوو لە جیهاندا.

ڕاستە کە قەتڵی حکوومەتیی ژینا دەبێ وەکوو یەکێک لە دیارترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان چاوی لێ بکرێت، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت کە ئەم توندوتیژییە، بووە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک توندوتیژیی دیکە کە دەکرێ وەکوو توندوتیژیی سیستماتیک ناویان لێ ببەین، لە کۆمەڵگەدا پەرە بستێنن، توندوتیژی‌گەلێک کە سیستمی دەسەڵاتداری زۆر بە ئاسانی پەرەیان پێ دەدات و خودی سیستمەکە وەکوو بکەری سەرەکییان بە ئەژمار دێت.

بەو پێیە کە لە ١٦ ڕۆژی پرتەقاڵی داین، پێویستە زیاتر بپەڕژێینە سەر ئەو پێشێلکارییە دیارانەی کە وەکوو توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە ماوەی زیاتر لە ٨٠ ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویان داوە.

هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان لەم ماوەیەدا بەوردی پەرژاونەتە سەر ئەم بابەتە و بەردەوام هەوڵیان داوە ئاماری تایبەت لە ڕێژەی پێشێلکارییەکان وەک کوژران، دەسبەسەرکردن، ڕفاندن و ... بخەنە بەر دیدی خەڵکەوە، بەڵام بابەتێکی گرینگ کە دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژییەکان و زۆر کەمتر ئاوڕێ لێ دراوەتەوە ــ ئەڵبەت لەبەر هەستیاربوونی پرسەکە و فاکتەرەکانی دیکە کە پێوەندی و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕەوتی ڕاپەڕینەکە هەیەــ ، ئەو توندوتیژییەیە کە لای ژنانەوە هەمیشە بە ترسەوە باسی لێ کراوە و زۆرجاریش تەنانەت بیرکردنەوە بە ئازارەکانی قوربانییەکە و وێناکردنی ئەو هەلومەرجەی کە قوربانیی تێدا بووە، ئازارێکی پێ چاشتوون کە ڕەنگە کەمتر لە ئازاری خودی توندوتیژییەکە نەبووبێ.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا زانیارییەکان لە نێوخۆی کوردستانەوە باسیان لەوە کرد کە ڕێژەیەکی بەرچاو لەو ژنانەی کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و لە ڕەوتی راپەڕینەکەدا دەسبەسەرکراون، لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە لە گرتنگەکاندا دەستدرێژییان کراوەتە سەر و بەم هۆیەوە هەندێکییان ئێستا دووگیانیشن. ئەڵبەت ئەم دەستدرێژییانە تەنیا تایبەت بە ژنان نەبووە و هەن پیاوانێکیش کە هاوشێوەی ژنان کەوتوونەتە بەر ئەم توندوتیژییەوە و ئازار دراون.

لە ڕاستیدا پرسی دەستدرێژی یەکێک لە تاڵترین و بەژانترینی توندوتیژییەکانە کە بەرانبەر بە تاکەکان دەکرێت، لێرەدا زیاتر باس لەو دۆخە دەکەم کە بە سەر ژناندا زاڵ دەبێت، چونکە بەپێی عورفی کۆمەڵگە هەر کات ژنان کەوتبێتنە بەر پەلاماری کەسانێکی دڕندەوە و دەستدرێژییان کرابێتە سەر، یەکەم کاردانەوەیەک کە لەگەڵی بەرەوڕوو بوونەتەوە ئەوە بووە کە ژنان خۆیان بە تاوانبار ناسێندراون، هەر بۆیە زۆرجار قوربانییان یان ڕاستیی ڕووداوەکەیان شاردووەتەوە یان ناچار بوون کە پەنا بۆ ڕێگاگەلێک ببەن کە کۆتاییەکەیان تاڵ و خەمناک بووە.

دەستدرێژی توندوتیژییەکی ئاشکرایە، ژنان کە ڕەنگە زیاترین قوربانییانی ئەم جۆرە لە توندوتیژی بن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەمترین ئاستی زانیاری و ئاگاییان بەنیسبەت ئەم توندوتیژییە هەیە، بۆیە زۆر جار لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا، ڕێگایەک هەڵدەبژێرن کە کەمترین لۆژیکی تێدایە. ژنان لەم دیاردەیەدا قوربانین نەک تاوانبار، زۆرجار تێنەگەیشتنی کۆمەڵگە لەم ڕاستییە وا دەکات کە ئەوان خۆکوژی بە باشترین ڕێگەچارە بۆ ئەم کێشەیە بزانن، هیچ حاشا لەوە ناکرێت کە ئاسەوارەکانی ئەو ڕووداوە ئەتوانێ تا کۆتایی تەمەن لەگەڵ تاک بمێنێتەوە و لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا بیخاتە ژێر کاریگەریی نەرێنی خۆیەوە، بەڵام بێگومان بایەخدان بەو بابەتە و کارکردن لەسەری زۆر گرینگە.

هەستیاربوون بەو دۆخە یەکێک لە ئەرکەکانی ڕێکخراوەکانی ژنانە کە دەبێ زۆر جدی کاری ڕۆشنگەری و هیوابەخش بۆ قوربانییانی ئەو جینایەتە بکەن. چونکی ئەو پرسیارە زۆر ڕاشکاوانە بەرەوڕوویان دەکرێتەوە کە ئەگەر ئەوان ئەرکی وشیارکردنەوە و پێدانی زانیاری و ئاگایی بۆ تاکەکانیان لە ئەستۆ نەبێت، ئەدی کێ دەبێ ئەم ئەرکە بەجێ بگەیەنێ؟
 

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.