کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی گشتگیری هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پێویستییەکی مێژوویی (ئەرکی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم پێناوەدا)

19:07 - 15 سەرماوەز 2722

د. کامران ئەمین‌ئاوە

دوای گیان‌بەختکردنی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی شۆڕشی"ژن، ژیان، ئازادی"، ڕۆژهەڵاتی کوردستان به تایبەتی و، ئێران به گشتی بۆته گۆڕەپانی خەباتی جەماوەریی خەڵک. کوردستان لە ڕەوتی گەشەکردن و پەرەسەندنی ئەم شۆڕشە لە ئاست ئێراندا ڕۆڵی تایبەت دەگێڕێ و بۆتە جێی سەرنجی گشت ئێرانییه ئازادیخوازەکانی نێوەوە و دەرەوەی وڵات. بوێری و قارەمانیی خەڵکی کورد و بەشداریی تەواوی توێژ و چینەکانی کوردستان لەم بزووتنەویەدا‌، دیاردەیەکی بێ‌هاوتایه لە ئاستی تەواوی ئێراندا.

خەڵکی کورد وێڕای هێرشی دڕندانەی هێزی سەرکوتکەر و، گیان‌بەختکردنی ڕۆژانەی ڕۆڵەکانی، بەردەوامه لە خەباتی خۆی و، ڕۆژ نییه حەماسە‌یەکی گەورە نەخوڵقێنێ. بەخۆشییەوە حیزبه کوردستانییەکانیش هەتا ئێستا ژیرانه و لەوپەڕی بەرپرسیایەتییە‌وە لەگەڵ ئەم ڕاپەڕینه هەڵسوکەوتیان کردووە و، وێرای پیلانگێڕانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی وەکو مووشەک‌بارانی بنکەکانیان لە باشوری کوردستان، نەکەوتوونەتە نێو ئەو داوەی که هێزی سەرکوتکەری ئێران به ئاواتیەتی. بەڵام هاوکات، ڕۆڵەکانی کورد به شێوازی جۆراوجۆر لەسەر شەقامەکانی کوردستان بەرەنگاری هێزی تا ددان چەکداری ئیسلامی بوونەتەوە کە تەنانەت بەزەییان بە ژنی دووگیان و مندالیشدا نایه و کات و ناکات دڕندانە خەڵکەکە و ماڵ و دووکانیان گولـله‌باران دەکات.

 لەم سات و کاته هەستیارە‌دا کە کورد سەرنجی بیروڕای گشتیی لە ئاستی ئێران و جیهان‌ بەرەوخۆی ڕاکێشاوە، ئەرکی بێ ئەم‌لا و‌ ئەولای هێزە کوردستانیەکان، ڕێکخستنی بەرەیەکی گشتگیر لە تەواوی هێز و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کاریگەرییەکی بەهێزتر لە نێوخۆی وڵات و، نوێنەرایەتیی ئەم خەڵکه بەلانیکەم له دەرەوەی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێرانه.

 ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ بەردی بناغەی ئەم بەرەیه بێ و، ناتوانێ و نابێ تەنیا لە دۆخی ئێستایدا قەتیس بمێنێتەوە. لەم دواییانە‌دا، کۆبوونەوەی شاندی ناوەند و کۆمەڵەی کۆمۆنیست، بۆته جێ خۆشحاڵیی، بەلام بەس نییه و پێویسته ئەم ڕەوته هێزەکانی دیکەش بگرێتەوە. لەم پێناوەدا، یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمتکێشانی کوردستانی ئێران‌ لە ٢٠ی خەزەلوەری ئەمساڵدا، بێ‌گومان ڕۆڵێکی بەرچاو لە بەهێزترکردنی ناوەند و بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات دەگێڕێ. ئێستا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات و دوو لایەنی کۆمەڵه‌ و، به بوونی دوو دەنگی بەهێز به جێگای چوار دەنگی جیا، دەتوانێ به قورساییەکی زۆرتر هەول بۆ دانوستان لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبه سەرتاسەرییەکانی ئێران بدات.

یەکێک لە خاڵه لاوازەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوونی نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاری لە دەرەوەی وڵات بۆ پێوەندی‌گرتن لەگەڵ دەوڵەت، پەرلەمان، ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی بیانی و تەنانەت دیاسپۆرای کوردی ڕۆژهەڵات و هێزە سەرتاسەرییەکانی ئێرانه. ناوەند بۆ ئەوەی بتوانێ ڕۆڵی خۆی لە دەرەوەی وڵات بگێرێ، پێویسته ئەندامانی لە پێوەندیی لەگەڵ حیزب و رێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکانی ئێران و جیهان نەک وەک نوێنەری تەنیا حیزبێک، بەڵکوو وەک نوێنەری ناوەند کار و چالاکیی سیاسی بکەن و، لەم ڕەوتە‌دا بەستێنێک بۆ نزیک‌کردنەوەی کوردەکانی دەرەوی وڵات و ناوەند پێک بێنن کە بەشێکی بەرچاویان به هۆی جۆراوجۆر لە حیزبه چەپە سەرتاسەرییەکان یان له ڕێکخراوە کوردستانییەکان دابڕاون، بەڵام بەهەڵویستن و دڵیان بۆ چارەنووس و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێ دەدات. بەشێکی بەرچاوی کوردەکانی تاراوگه، خاوەن ئەزموونی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و زانستین و لە ئەگەری پێکهێنانی سازوکارێکی باش بۆ هاوکاری، بەشداریی چالاکانەی ئەوان دەتوانێ نەک بۆ ئێستا، بەڵکوو بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش به قازانج بێ.

خاڵێکی گرینگی دیکه کە دەتوانێ پیشاندەری چالاکی و هاوکاریی کردەوەیی ناوەند و وانەیەک بۆ بەرەیەکی یەکگرتوو لە داهاتوودا بێ، ڕێکخستنی هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە لە ژێر ڕێبەرییەکی هاوبەشدایه. ئەم کارە لە درێژخایەن و له کاتی ئاڵوگۆڕێکی چاوەرواننەکراو لە ئێران و کوردستان و به تایبەت ڕووخانی کۆماری ئیسلامی‌‌دا دەتوانی بناخەیەک بێ بۆ پێکهێنانی سپای میللی کوردستان و تێپەربوونی هێزە کوردستانییەکان لە ئاستی هێزێکی سیاسی–نیزامی بۆ ڕێکخراوەیەکی سیاسی–مەدەنی و دووپات‌نەبوونەوەی ئەزموونی تاڵی باشووری کوردستان کە ئێستاش پاش چەندین دەیە، ئاکامە نەرێنییەکانی نەبوونی هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە لەژێر کۆنترۆڵی وەزارتی پێشمەرگه‌دا، داوێنی بەرنەداون و وەک یەکێک لە خاڵه هەرە لاوازەکانی هەرێمی کوردستان ماوەتەوه.

چارەنووسی داهاتووی کوردستان پێوەندیی به یەکگرتن و هاوکاریی هێزە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە. لە کوردستانی ئازادکراوی داهاتوودا، بوونی سپایەکی میللی یەکگرتوو به دوور لە کاریگەریی حیزب و ڕێکخراوەکان و، چالاکیی سیاسی و مەدەنیی حیزبە کوردستانییەکان ڕێگای سەرهەڵدانی شەری نێوخۆیی بەربەست دەکات و، ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی ئاشتی‌خوازانە و ئەمڕۆیانەی کێشە نیوخۆیی و سەرانسەرییەکان لە ڕێگای وتووێژ و دانوستانەوە دەکاتەوە. بۆ گەیشتن بەو قۆناغه، کورد دەبێ بەر لە هەموو شتێک، هەر لە ئێستاوە ماڵی خۆی بەهێزتر بکات و به هەبوونی بەرنامەیەکی درێژخایەن، به وشیارییەوە بەرەوڕووی ڕووداوەکانی داهاتوو بێتەوە.

بەکورتی:

١.‌ وتووێژی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ ڕێکخراوە و کەسایەتییە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان بۆ پێکهێنان و ڕێکخستنی بەرەیەکی گشتگیر،

٢.‌ پێکهێنانی ناوەندێکی هاوبەش لە دەرەوەی وڵات بۆ لۆبیگەری و نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات،

٣. دارشتن و گەڵالەکردنی ویستە‌ مێژووییەکانی گەلی کوردی ڕۆژهەڵات بەپێی بارودۆخی عەینی و زەینی، هاوسەنگیی هێزەکانی نێو ئێران و ئەگەری جێبەجێ‌‌بوونی داخوازییەکان،

٤. ڕێکخستنی هێزی یەکگرتووی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،

٥. هاوپەیمانی و هاوکاری لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران و ئەو هێزە پێشکەوتنخوازە سەرتاسەرییانه که بڕوایان به مافی چارەی خونووسینی نەتەوەکان هەیە، لە پێویستییەکانی مێژوویی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانه.

ڕەوتی ڕووداوەکان چاوەڕێی بێ‌هەڵوێستیی و ئەم دەست و ئەو دەستکردنی ئەوانە نامێنێتەوە کە خۆیان به نوێنەری بزووتنەویەک دەزانن. ناتەبایی و یەک‌نەگرتوویی هێز و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان به زیانی ئێستا و داهاتووی شۆڕشی کورد تەواو دەبێ.
 

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.