کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتە یەکگرتووەکان پێ دەنێتە سەردەمێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران

19:11 - 15 سەرماوەز 2722

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

لە کاتێکدا دەوڵەتی ئێران لە جەنگی نێوان ڕووسیە و ئوکراین، یارمەتی ڕووسیە دەکات و درێژە بە پیتاندنی ناوکی دەدات، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن گەمارۆی نوێی خستوونە سەر تاران و پشتگیریی خۆی لە خۆپیشاندەران ڕاگەیاندووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئێران بە پشکێنەرانی نێونەتەوەیی ڕاگەیاندووە بەتەمایە دەست بە پیتاندنی سووتەمەنیی ناوکی تا نزیکی ئاستی بۆمبی ناوکی لە قووڵایی چیادا، شوێنێک کە بۆمباران‌کردنەکەی دژوارە و بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ناوکیی خۆی، لە بنکەیەکدا کە ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان پەیتا پەیتا هەوڵی سابۆتاژیان داوە، بە شیوەیەکی بەرچاو پەرە پێ دەدات.

هێزە حکوومەتییەکان ناڕەزایەتییە دژی دەوڵەتییەکانیان سەرکوت کردوون، درۆنیان داون بە ڕووسیە تا لە جەنگی خۆی دژی ئوکراین کەڵکیان لێ وەرگرێ و، بە گوێرەی بەشێک لە هەواڵگریی ڕۆژاوایی، گومانی ئەوە هەیە خەریکی وتووێژ لە مەڕ بەرهەمهێنانی هاژەک بۆ جبەخانەی چۆڵی ڕووسیە بێ. وڵاتە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە جارێکی دیکە ئێرانی تاوانبار کرد کە بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، دەستدرێژیی کردۆتە سەر خاکی عێراق.

سەردەمێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دەگەڵ ئێران دەستی پێ کردووە. بۆ ماوەیەک و لەبەر ڕووداوی دراماتیکی دیکە، لە ناویاندا داگیرکرانی ئوکراین و پەرەگرتنی کێبڕکێی وڵاتە یەکگرتووەکان دەگەڵ چین و، درێژە کێشانی وتووێژ دەگەڵ تاران بە شێوەی ناتەواو، بۆ ماوەی ١٨ مانگ، سەرهەڵدانەکەی شاراوە بوو.

ئێستا، هیوای سەرکۆمار بایدن بۆ گەڕانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ نێو ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١٥ دەگەڵ ئێران، کە سەرکۆمار ترامپ لێی کشابۆوە، بەتەواوی مردووە. وتووێژەکان لە مانگی سێپتەمبەردا ڕاگیران و، لەو چەند حەوتوویەی دواییدا بایدن گەمارۆی نوێی خستۆتە سەر ئێران و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان، کە توندئاژۆکانی ئێران وەک هەڕەشەی کوشندە باسیان کردووە، دەربڕیوە.

بە گوتەی چەند کاربەدەستی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە کۆشکی سپی، کۆبوونەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی لە بارەی ئێراندا کەمتر بۆ ستراتێژیی وتووێژ و زۆرتر بۆ چۆنیەتیی بنکۆڵ‌کردنی پلانەکانی ناوکیی ئێران، دابینکردنی کەرەستەی پەیوەندی گرتن بۆ خۆپیشاندەران و پساندنی زنجیرەی دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە، تەرخان کراون.

جان کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی، مانگی ڕابردوو بەڕاشکاوی بە دەنگی ئەمریکای گوت، "لە ئێستادا هیچ دیپلۆماسییەک لە پەیوەندی دەگەڵ ڕێککەوتنی ئێران لە ئارادا نییە. ئێمە ئێستا لە دۆخێکی چەقبەستوو داین و، جەخت لەسەر ئەو ناکەینەوە." هێنری ڕۆم، هاوکارێکی پلەبەرزی ئەنستیتۆی واشینگتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، گوتی مەودای هەڕەشەکە گەلێک لەوە زیاترە کە بە تایبەتی بەرپرسانی پێنتاگۆنی نیگەران کردووە: گواستنەوەی چالاکیی نیگەرانکەرترین پیتاندنی ناوکی بۆ دامەزراوەی ژێرزەمینی بە ناوی فۆردۆ، کە دە ساڵ لەمەوبەر دروستکردنەکەی تەواو بووە. بەڕێز ڕۆم گوتی، "بیر لەوە بکەنەوە، بە بەڕێوەبەرایەتییەک کە لە ژانویەی ٢٠٢١ دەستی بە کار کرد بگوترابا لە ماوەی دوو ساڵدا، ئێران ئورانیۆم تا ئاستی نزیک بۆمبی ناوکی لە فۆردۆ دەپیتێنێ، ژمارەیەکی زۆر لە پێشکەوتووترین ئامرازەکانی پیتاندن وەگەڕ دەخات، ئۆرانیۆمی بەرز پیتێندراو بۆ چەند بۆمب کۆ دەکاتەوە و هەوڵە سیاسییەکان ڕەت دەکاتەوە. ئەوە خراپترین سەناریۆ نییە، بەڵام زۆر لێی نزیکە."

لە هاوینی ڕابردوودا، کاربەدەستانی ئەمریکایی هێشتا هیوادار بوون ڕێککەوتنە ناوکییەکە زیندوو بکەنەوە. ڕێککەوتنێک کە ئێران و وڵاتانی ئورووپایی وتووێژیان لەسەر کردبوو نزیکەی تەواوبوون بوو. نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، کە ئێرانییەکان خۆیان لە وتووێژی ڕاستەوخۆ دەگەڵیان دەبوارد، هێڵکارییەکانیان پەسەند کردبوو و چاوەڕوانی واژۆی ڕێبەری گەورە، عەلی خامنەیی بوون، کە قەت نەگەیشت.

کاربەدەستانی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان گەیشتوونە ئەو لێکدانەوەیە کە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، لەنێو ئێرانییە کۆنەپارێزەکان و سوپای پاسداراندا، وەک لە نێو ڕەخنەگرانی ئەمریکایی ڕێککەوتنەکە، ناخۆشەویستە. ئێرانییەکان، ئەگەرچی تێیدا ناسەرکەوتوو بوون، بەڵام چاوەڕوان بوون وڵاتە یەکگرتوەکان بەڵێنی بدا کە قەت جارێکی دیکە بە شێوەی یەکلایەنانە لە ڕێککەوتنەکە ناکشێتەوە. ئەوان دەیانزانی کاتێک بگەڕێنەوە نێو ڕێککەوتنەکە، زۆربەی سووتەمەنیی ناوکی، کە ئێڕان لە جوابی بڕیاری دۆناڵد ترامپ‌دا بۆ کشانەوە کۆی کردۆتەوە، دەبێ بۆ دەرەوەی وڵات بەڕێ بکرێ.

ئەوسا ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام دەستیان پێ کرد و ڕێککەوتن دەگەڵ ڕووسیە لە بنەڕەتدا بووە هۆی ئەوە کە ئێڕان، دەگەڵ بێلاڕوس، بکەونە بەرەی یارمەتیدەری داگیرکاریی ڕووسیە.

ڕابێرت ماڵی، نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوە بۆ وتووێژ دەگەڵ ئێران، ڕۆژی سێ شەممە گوتی، "ڕێژیم تاقمێک هەلبژاردنی یەک لە دوای یەکی کردوون کە بە شێوەی پەرەئەستێن ئەوان لە خەڵکی خۆیان و تا ڕادەیەکی زۆریش لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دادەبڕێ، لە نێویاندا لە وڵاتانی ئورووپایی کە بەشێکی زۆر لە ساڵەکانی دەسەڵاتداریی ترامپیان بۆ دۆزینەی ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی ڕێککەوتنە ناوکییەکە تەرخان کردبوو."

بەڕێز ماڵی، زۆر جار لەبارەی ئەگەری ڕێگاچارەیەکی دیپلۆماتیکدا گەشبین بووە، بەڵام ڕوانگەکەی بەئاشکرا گۆڕاوە. ئەو گوتی، "ئێران پشتی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە کرد کە خەریک بوو دەگەیشتە ئاکام"، ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە دەوڵەتی ئەو وڵاتە "لە تێوەگلان" دەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ناسەرکەوتوو بوو، کاتێک ئەوان داوای سەردانی زۆرتر و زانیاریی زیاتر لەمەڕ ئەو شوێنانەیان کرد کە ماددەی ناوکی لێیان بینرابۆوە. پاشان ئێران پلانی بنکەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی ناوکی ڕاگەیاند.

بەڕێز ماڵی گوتی، ئاکامەکە "تاقمێک خولی خراپ بوون. سەرکوت دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی زیاتر. خۆپیشاندانی زۆرتر دەبێتە هۆی سەرکوتی زیاتر. هاوپەیمانی دەگەڵ ڕووسیە تەنیا ئێران زۆرتر تەریک دەخاتەوە، کە دەبێتە هۆی پەرە گرتنی ئەو هاوپەیمانییە و نەبوونی هیچ هاوبەشێکی دیکە."

نیگەرانیی سەرەکیی ئیسڕائیل و خەڵکێکی زۆر لە وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕاگەیاندنی پیتاندنی ئورانیۆم تا پلەی ٦٠  لە سەد لەلایەن ئێرانەوە لە بنکەی فۆردۆ، بنکەیەک کە لەنێو چیایەکدا هەڵکەتووە و بنکەیەکی سەربازییە، دوای هێرشی پەیتا پەیتای سایبەری و فیزیکی بۆ سەر بنکەی پیتاندنی ناوکیی نەتەنز، بوو. لە کاتی وتووێژی ناوکی لە نێوان ٢٠١٣ تا ٢٠١٥، بەڕیوەبەرایەتیی ئۆباما هەوڵی دا بنکەی فۆردۆ داخرێ. سەرۆکی وتووێژکاران، وێندی شێرمەن، کە ئێستا جێگری وزیری کاروباری دەرەوەیە، ئەوکات گوتی شکستی داخستنی فۆردۆ لە گەورەترین بێ‌هیواییەکان بوو، ئەگەرچی ڕێککەوتنەکە بەڕوونی چالاکییەکی ناوکی ئەوتۆی قاچاغ کردبوو کە ئێرانییەکان لەو دواییانەدا گوتوویانە لەوێ بەڕیوەی دەبەن.

پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە کە ئاخۆ دەوڵەتی نوێی ناسازشکارتری ئیسڕائیل کە بێنیامین نەتانیاهو خەریکە پێکی بێنێ گوشار دێنێ بۆ هێرش بۆ سەر ئەو بنکەیە، کە دژوارە وێران بکرێ مەگەر بە مەزنترین بۆمبی تێکشکاندنی بنکەی ژێر زەوی؟ وڵاتە یەکگرتوەکان و هەروەها ئیسڕائیل ڕاهێنانی هێرشی ئەوتۆیان کردووە و، بەڕێز نەتانیاهو، دوایین جار کە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بوو، زۆری نەمابوو بڕیاری هێرشێکی ئەوتۆ بدات.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی گشتی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەوە، ئێران ئێستا هێندە گەشەی بە بەرنامە ناوکییەکەی داوە کە دەتوانێ سووتەمەنیی شیاوی بۆمب لە ماوەی چەند حەوتوودا کۆ بکاتەوە، لە کاتی ڕێککەوتنی ٢٠١٥ دا لێکدانەوەکە ئەوە بوو کە ئەو کارە کەمتر لە ساڵێک دەخایەنێ. بەڵام ڕۆژاوا هێشتا کاتی هەیە: کاربەدەستانی سی ئای ئەی و هەواڵگریی ئیسڕائیل دەڵێن چێ‌کردنی سووتەمەنییەکە بە شیوەیەک کە بکری لە كڵاوی هاژەکێکدا جێگیر بکرێ، دوو ساڵی پێ دەچێ و، لەو دواییانەدا وڵاتە یەکگرتووەکان لێکدانەوەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا گوترابوو هیچ بەڵگەیەک بۆ بوونی پرۆژەی دروستکردنی بۆمب لە ئارادا نییە. بەڵام پێشمەرجی ئەوە، بوونی هەواڵگریی نزیک بێ‌خەوش لەمەڕ دۆخی بەرنامەکانی ناوکی و هاژەکی دەخوازێ، لە کاتێکدا کە پشکنینەکان سنووردار کراون و کامێراکانی داندراو لە لایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزی ناوکی لە لایەن ئێرانییەکانەوە کوژێنراونەوە. مەودای پەرە ئەستێنی نێوان زانیاریی دەتوانێ دۆزینەوەی لادان لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ناوکی دژوار بکات.  چەند شارەزایەک ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران خەریکی گەشە پێدان بە هاژەکی دەریایی مەزنترە کە دەتوانێ زۆرێک لە بەربەستەکانی بەردەم گەیاندنی چەکێک نەهێڵێ.  

ئاڵۆزیی دیکەش لە ئارادان. دانی درۆن لە لایەن ئێرانەوە بە ڕووسیە، ئێستا بۆتە فاکتەرێکی گرینگ لە جەنگدا و، بێتوو ئەو هاوکارییە هاژەکیش بگرێتەوە -تا ئێستا ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە- وڵاتە یەکگرتووەکان و ئوکراین لە هەوڵی وەستاندنی گەیاندنی ئەو چەکانەدا دەبن. بەڵام ئەوە مەترسیی بەرزکردنەوەی ڕیسکەکانی لێ دەکەوێتەوە چونکە ڕووسیە تا ئێستا لە هێرش بۆ سەر گەیاندنی چەکوچۆڵی ڕۆژاوایی بۆ ئوکراین دوودڵ بووە.

بەڕێز بایدن لە ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە دەژی دەوڵەتییەکان لە سەرکۆمار ئۆباما، کاتێک ناڕەزایەتی هاوشێوە لە سەرەتاکانی بەرێوەبەرایەتی ئۆبامادا بەڕیوە دەچوون، ڕەوانبێژتر بووە. چەند یاریدەدەری بەڕێز بایدن، کە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆبامادا خزمەتیان دەکرد گوتوویانە ئەوان جاری پێشوو لە ڕادەبەدەر وریا بوون، لە ترسی ئەوە کە ناڕەزایەتییەکان مۆرکی ورووژێنەرانی پەیوەندیدار بە سی ئای ئەی-یان لێ بدرێ. بەڵام پرسیاری شێوەی گەیاندنی یارمەتی زۆرتری وڵاتە یەکگرتووەکان بە شێوەیەک کە زیاتر لە ڕەوانبێژی و پشتگیریی ئەخلاقیی لە خۆپیشاندەران بێ و ئاخۆ بەڕیز بایدن ڕیسکی کرداری شاراوە بۆ یارمەتی ئەوان دەکات، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی کۆن، لە پەنجاکانی زایینی، کە سی ئای ئەی لە سیاسەتی ئێرانیدا دەستێوەردانی کرد، بێ وەڵام دەهێڵێتەوە. لە کاتێکدا ئەو ڕووداوە تا ڕادەیەکی زۆر لە لای زۆربەی ئەمریکاییەکانەوە لەبیر کراوە، ئەوە بە وردەکاریی زۆرەوە فێری ئێرانییە لاوەکان دەکرێ.

ڕەنگبی زۆر شت بەوەوە بەسترابێتەوە کە ئاخۆ ئێستا بەڕیز بایدن و یاریدەدەرەکانی ئێران وەک هەڕەشەیەکی مەزنتر لە بەراورد دەگەڵ کاتێک کە سەرکۆمار دەسەلاتی بەدەستەوە گرت، سەیر دەکەن.

بەڕیز ڕۆم گوتی، "بەڕێوەبەرایەتییەکە زۆر جار دەیگوت دەیهەوێ بەرنامەی ناوکیی ئێران بخاتەوە نێو سندووقەکەوە و، من لەو بڕوایەدام ئەوە ڕەنگدانەوەی بیرۆکەی بەربڵاوتری وەلانانی ئالنگاریی ئێران دوای گەیشتن بە ڕێكکەوتن بوو. بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکە دەبێ خەریکی ململانێ دەگەڵ ئەو ڕاستییە بێ کە، لە بنەڕەتدا لە هەموو بوارەکاندا، ئێستا هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئاشتی جیهانی لە ساڵێک لەوەپێش زیاتر و گەورەترە."

* نیویۆرک تایمز - دەیڤید ئی سانگەر

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.