عومەر باڵەکی
ماوەی نزیک بە سێ مانگە خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتوونەتە سەر شەقام و ڕاپەرینێکی سەرانسەریی پێکهاتوو لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان بەدژی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە سەر پێ و لە ئەنجامی دژکردەوەی توندی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ئەو نیزامە، خەڵك هەموو خەتە سوورەکانی نیزامیان تێپەراندووە و خوازیاری نەمامی ئەو نیزامەن. توندوتیژی و دژکردەوەی هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر خەڵکی وەزاڵەهاتوو و لە هەمان کاتدا دەستبەتاڵ بە ڕادەیەک توند بووە کە لە هێندێک ناوچەی وەک کوردستان و بەلووچستان بەپێی پێناسەی کۆنڤانسیۆن و پەیمانە نێونەتەوەییەکان، دەچێتە خانەی کوشتاری بەکۆمەڵ و لەنێوبردنی نەتەوەیەک. کاتێک باس لە کوشتاری بەکۆمەڵ دەکرێ بابەتەکە پێوەندیی بە ڕادەی کوژراو بریندارەوە نییە، بەڵکوو نییەتی کرداری بابەتەکەیە دەبێتە هۆکاری ئەسڵیی خوڵقاندنی ئەو جینایەتە. ڕەنگە سەلماندنی ئەو نییەتە کارێکی ئاسان نەبێ، بەڵام کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا دەرحەق بە گەڵانی ئێران بەتایبەتی گەلی کورد و بەلووچ خۆی سەلمێنەری جینایەتی کوشتاری بەکۆمەڵن. بە تێڕوانینێکی خێرا لە جۆری دژکردەوەی هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیک بە سێ مانگی ڕابردوو دەرحەق بە گەلانی ڕاپەریوی ئێران بەگشتی و گەلی کورد و بەلووچ بەتایبەتی دەتوانرێ باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی کوشتاری بەکۆمەڵی ئەو دوو گەلە کە تەنیا تاوانیان ئەوەیە داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، و لەو شێوە سەرکوتکردنە دەتوانین ئەو نییەتە بخوێنینەوە کە دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە هەر لە سەرەتاوە بە کردەوە دژەئینسانییەکانی خۆیان دوژمنایەتییان لەگەڵ گەلانی ئێران بەتایبەتی گەلی چەوساوەی کورد و بەلووچ بە ئاشکرا سەلماندووە.
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا خەڵکی ناڕازی لە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران بەدژی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی هاتوونەتە سەر شەقام و دەنگی ناڕەزایەتییان بە شوعاری "ژن، ژیان، ئازادی" گەیاندۆتە گوێی هەموو ئازدیخوازانی دنیا، بەڵام بەرپرسانی نیزام خۆیان لە ئاستی ئەو دەنگە بەرزە ئازادیخوازییە کەڕ کردووە و کەوتوونەتە پاکانە و دیفاع لە کردەوە دژەئینسانییەکانی هێزەکانیان. لەو پێوەندییەدا قسە و پاساوی ئەوەندە نامرۆڤانە و نایاساییان بۆ کرداری هێزە نیزامییەکانی خۆیان هێناوەتەوە کە لە هەر دادگایەکی دادپەروەر و جێگای باوەڕدا، دەتوانن بەڵگەیەکی قورس و قایم بن بۆ مەحکوومکردنی دەسەڵاتدارانی تاران. بۆ میناک دەتوانین ئاماژە بە بەشیک لە قسەکانی علی بەهادوریی جەهرۆمی، وتەبێژی دەوڵەت بکەین کە لە بەرچاوی ڕاگەیەندکارەکاندا سەبارەت بە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان دەڵێ: "بۆ دەوڵەت وەک ئاوخواردنەوە بوو کە لە یەکەم ڕۆژەکانی ناڕەزایەتییەکاندا بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی سەرشەقام و زانکۆ و بازاڕ ئیزن بە هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان بدا لە فیشەکی جەنگی کەڵک وەربگرن وهەرکەس بە ناڕەزایەتی هاتبایە سەرشەقام بە فیشەکی جەنگی لێیان درابا و هەر زوو دەنگی ئەو ناڕەزایەتییانەمان کپ دەکرد... ." کاتێک ئەو شێوە قسەکردن و دەربڕینانە لە وتەبێژی دەوڵەت دەبیستین، ناخی ئەو دەوڵەت و نیزامە بەتەواوی خۆی دەردەخا کە چەند دژی گەڵانی ئێرانن و بەڕوونی دەردەکەوێ کە ئەو نیزامە چەندە خۆسەپێن و ستەمکارە و دوور لە شەرعییەتی خەڵکە بەگشتی، چونکە هیچ دەوڵەتێک لە زمانی هیچ کاربەدەستێکەوە تەنانەت لە ڕەدەی خوارەوەی دەسەڵاتیشدا بێ ئیزن بە خۆی نادا بڵێ دەمانتوانی هێزە ئەمنییەتییەکان ئێزن بدەین ڕوو بە خەڵکی ناڕازیی سەرشەقام لە فیشەکی جەنگی کەڵک وەربگرن و شانازی بە دەسەڵاتداریی خۆیان بکەن کە ئەو ئیزنەیان نەداوە و لەسەر خەڵكیش بیکەن بە منەت و بڵێ دەمانتوانی بیکەین بەڵام نەمانکردووە.
لەنێو پەندی پێشینیانی کوردەواریدا پەندیەک هەیە کە دەڵێ "مەودای درۆ بەری کورتە"، "یا درۆزن زەینی کوێرە". وتەبێژی دەوڵەت لە کۆماری ئیسلامی وادیارە درۆزنێکی زەینکوێرە، چونکە درۆیەکەی بەپێی کردەوەکانی هێزەکانیان لە بەربەرەکانێ لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی سەرشەقام مەودای ئەوەندە کورتە کە بە هیچ پاساوێک بۆیان ڕاست نابێتەوە، ئاماری شەهید و بریندارەکانی ڕاپەرینی ئەوجارە بە پێچەوانەی قسەکانی وتەبێژی دەوڵەت شتێکی دیکە دەسەلمێنن؛ هەر بە قسەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئاماری گیان لێئەستیندراوەکان لە ماوەی نزیک بە سێ مانگی ڕابردوو خۆی لە ٣٠٠ کەس داوە کە ئاماری ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ بە پێچەوانەی ئامارەی حکوومەت باس لە ٥٠٠ کەس شەهیدی بێتاوان دەکەن کە لەنێو ئەو شەهیدانەدا بە ڕادەیەکی بەرچاو مێرمنداڵ دەبیندرێن، ئەوە بێجگە لە برینداربوونی سەدان کەس و دەستبەسەرکردنی هەزاران کەسە. لە بۆڵتەنە لەقاودراوەکەی سپای پاسدارانیشدا باس لەوە کراوە کە ژمارەی کوژراوەکانی ڕاپەڕینی ئەمجارە پتر لە ئاخێزەکەی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوییە کە ئەوکات باس لەوە کرا پتر لە ١٤٠٠ کەس لە ماوەی چەند ڕۆژێکی ئەو مانگەدا گیانیان لێ ئەستێندرا.
ئەوەی لێرەدا جیگای سەرنجە لەو کوشتارەی هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی کردوویانە بەشی شێری وەبەر کوردستان و بەلووچستان کەوتووە و ئەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نییەتی بەکۆمەڵ کوشتنی خەڵکی کورد و بەلووچیان هەیە و ئەو دژکردەوەیەی دەسەڵاتدارانی تاران دژی خۆپیشاندەران بەپێی قانوونە نێونەتەوەییەکان بەتایبەتی کۆنڤانسیۆنی مەنعی کۆمەڵکوژی دەچێتە خانەی جینایەتی دژی مرۆڤایەتی. ماددەی دووی کۆنڤانسیۆنی مەنعی کۆمەڵکوژی دەڵێ:" لەو کۆنڤانسیۆنەدا، پێناسەی کوشتاری بەکۆمەڵ بەو مانایەیە، کوشتاری بەکۆمەڵ بە هەریەک لەو کردارانە دەگوترێ کە بە مەبەستی لەنێوبردنی بەشێک یا هەمووی گرووپێکی نەتەوەیی، قەومی، یا مەزهەبی بەڕێوە بچێ، دەگوترێ". لە ماددەی سێهەمیشدا ئەو کردەوانەی دەستنیشان کردوون کە ئەگەر ئەنجام بدرێن سزایان لەسەرە.
لە سەردەمی ئێستادا کە ئێران وەک وڵاتێک ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانە بەپێی یاساوڕیسا نێونەتەوەییەکان دەبێ پابەند بێ بە هەموو پەیماننامە و کۆنڤانسیۆنەکانی پەسندکراوی ئەو ڕێکخراوەیە. بەڵام بەئاشکرا و لەپێش چاوی کۆمەڵگەی جیهانییەوە دەبینین کە ماوەی ٤٣ ساڵە دەسەڵاتدارانی تاران نەک پابەند نەبوون بەو یاساوڕێسایانە بەڵکوو بوونەتە سەرئێشەیەکی گەورەش بۆ نەزمی جیهانی، بە چەشنێک لە هەر جێگایەکی ئەو جیهانە پان وبەرینە کردەوەیەکی تێرۆریستی و تێکدەرانە ڕوو بدا حەتمەن پەنجەی تاوان بۆ لای کۆماری ئیسلامی ڕادەکێشرێ.
لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ هەتا سنووری کوشتاری بەکۆمەڵ لە سەرکوتی ڕاپەرینەکانی ئەو سێ مانگەی ڕابردوو بکەین کە لە هەمان کاتدا ئەو شێوازە سەرکوتەی ناڕەزایەتییەکان پیشێلکردنی کۆنوانسیۆنی مەنعی کوشتاری بەکۆمەڵە کە لەسەرەوە باس کرا ئەو کۆنوانسیۆنە لە ٩ی دێسامبر ١٩٤٨ لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کراوە و کوشتاری بەکۆمەڵی بەپێی یاسای نێونەتەوەیی خستۆتە ڕیزی جینایەتی گەورە و ئێران بێ هیچ قەید و شەرتێک ژێر ئەو کۆنڤانسیۆنەی لە ساڵی ١٩٤٩دا ئیمزا کردووە و ئەو کۆنڤانسیۆنە وەک هەموو یاساوڕێساکانی نیونەتەوەیی بە گۆڕین و لاچوونی حکوومەتەکان لەنێو ناچێ و هەر دەوڵەتێک جیگای دەوڵەتی پێشوو بگرێتەوە ناچار بە پابەندبوونی بڕگە و ماددەکانی ئەو کۆنڤانسیۆنەیە، بۆیە کۆماری ئیسلامییش وەک نیزامی دەسەڵاتدار لە ئێران بەپێی قانوونە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەریەتی پابەندی پاراستنی نێوەرۆکی ئەو کۆنڤانسیۆنە بێ. بوونی ئەو کۆنڤانسیۆنە و ئەندامبوونی کۆماری ئیسلامی لەو کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەدا لە هەلومەرجی ئێستادا دەتوانێ بۆ ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ و حیزب و سازمانە سیاسییەکانی دژبەری ئێران و بەتایبەتی بنەماڵەی شەهیدانی دەستی تاوانی کۆماری ئیسلامی ڕێگاخۆشکەر بێ بۆ ڕووکێشکردنی دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە بۆ دادگا نێونەتەوەیەکان بەتایبەتی کە لەو ماوەدا شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکارێکی تایبەتیان بۆ لێکۆڵێنەوە لە شێوازی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خۆپیشاندەران پەسند کرد بە مەبەستی دەرکەوتنی ڕاستییەکان.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.