کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەت نیزامیی ڕانەگەیەندراوی ئێران لە مەهاباد و بۆکان

19:34 - 15 سەرماوەز 2722

ئەنوەر سوڵتانی

ماوەی حەوتوویەکە هێزی سەرکوتکەری ئایەتوڵڵاکانی ئێران بە چەک و کەرەسەی قورسی سوپاییەوە گەیشتوونەتە ئەو دوو شارەی موکریان، دەروازەکانی هاتوچۆیان داگیر کردووە، هاموشۆی خەڵک و هاوردە و بردەی شتومەکیان خستۆتە بەر چاوەدێریی توندوتیژ؛ بە شەقامەکاندا دەگەڕێن، بەبێ هۆکار خەڵک ڕادەگرن و دەیانپشکنن؛ تەلەفونی مۆبایلی خەڵک بەتایبەت لاوەکان زەوت دەکەن، جنێویان پێ دەدەن و سووکایەتییان پێ دەکەن، ماڵان دەگەڕێن، هەرکەس بخوازن دەیگرن،  هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەر گیراوە کوردەکانی نێو زیندانی ورمێ و زیندانە لەپاولەپەکانی دیکەی کوردستانیش کەم نییە.

سەربازانی ئیمامی زەمان بەتایبەت  لەو دوو شارەدا بەرگری لە کردنەوەی دووکانان دەکەن و ناهێڵن بژیو و پێداویستیی ڕۆژانە بە خەڵک بفرۆشرێت، نانەواخانەکان قەرەباڵغن و سوپای داگیرکەر و بەسیج لە سەفی ناندا سووکایەتی بە خەڵک دەکەن و لێیان دەدەن؛ دابینکردنی دەرمانی نەخۆش و بریندار گەلێک ئەستەمە، شیری منداڵ و کەرەسەی پاک و خاوێنی کەمتر دەست دەکەون و ئەگەریش هەبن، گرانە. ئینترنێتیان بڕیوە و تەلەفونی مۆبایلی خەڵک کار ناکەن کە بتوانن وێنە و فیلمی ئەو زۆرداری و ملهوڕییانە بگرن و بڵاوی بکەنەوە. لەئەنجامدا، هەواڵەکان ناگەنە دەرەوە و مێدیاکان لە ڕاگەیاندنی ئەو بارودۆخی نالەبارە بێدەنگن. پڕۆژەی ڕژیم بریتییە لە برسی و موحتاج ڕاگرتنی خەڵک و نەگەیشتنی دەرمان بە نەخۆش و برینداران بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆیان گەلەکەمان بە چۆکدا بێنن و کەسایەتی و شانازییەکەی تێک بشکێنن.

بەگشتی بارودۆخێک بەسەر شارەکان و ناوچەی دەوروبەریاندا زاڵە کە تەنیا دەکرێ بە داگیرکەریی هێزی لاوەکی بۆ سەر وڵاتێک بشوبهێندرێ. کەس نییە بەدەنگی خەڵکەکەوە بێت، هیچ کوردێک لە دەسەڵاتداریەتی ئێراندا نییە و ئەوانەی وا بە قسە نوێنەری خەڵک لە پەڕلەمانن متەقیان لێ بڕاوە تەنانەت لە مەجلیسی دەستنێژی خامنەییشدا دەنگێکی ناڕەزایی هەڵنابڕن نەکا پۆست و مەقامە ناحەقەکەیان لەدەست بچیت و مووچە و مانگانەیان بکەوێتە مەترسییەوە.

لەو هەلومەرجە نالەبارەدا ئەرکی دەزگا ڕاگەیاندنەکان، بە تایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات گرنگتر لەجارانە، ئەوان دەتوانن ببن بە دەنگی خەڵکە بێدەنگکراوەکە و هاواریان بە جیهان و بە تایبەت بە نێردەی تایبەتی یووئێن بۆکاروباری ئێران و کومیتەی تەحقیقی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕابگەیەنن.

لە ڕۆژانی ئەو توندوتیژی نواندنانەی ڕێژیمدا سەرۆک‌کۆماری گەمژەی دەستنێژی خامنەیی بۆ بەلارێدابردنی سەرنجی بیروڕای گشتی لەو جینایەتانەی مەئموورەکانیان لە موکریان دەیکەن، چۆتە شاری سنە و لەبەردەم هەندێک جاش و "مەئمووری مەعزوور"دا وتاری زانایانە و بلیمەتانەی فەرمووە؛ وەک هەمیشە، تاوانی ناتەواوییەکانی خستۆتە ئەستۆی "ضدانقلاب" و سیستمە دز و خوێڕییەکەی خۆیانی کردۆتە دایکی میهرەبانی گەلی کورد- هەر ئەو گەلەی وا چەند کیلۆمەتر ئەولاوەتر، لە بۆکان و مەهاباد بە دەست سەربازەکانی ئیمامی زەمانی خۆیەوە ئەو ڕەنجە دەکێشن کە دەیکێشن.

ئەمڕۆ، ئەرکی هەموو دەزگایەکی هەواڵدەریی کوردی و بە گشتی هەموو تاکێکی کورد لە دەرەوەی ئێرانە لە بەرانبەر ئەو داگیرکەری و پێشێلکرانی مافە سەرەتاییانەی خەڵکی ئەو دوو شارە و هەموو شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەمێنن و ئەوەی لەدەستیان دێت بۆ یارمەتیدانی خەڵکە بێ‌تاوانەکە درێغی نەکەن.

سەرکەوتن هی گەلەکەمانە و شەرمەزاری بەشی خامنەیی جەللاد و نۆکەرەکانیەتی.