کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: فریوی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نەخۆن، توندوتیژی و سەرکوت دژی ژنان درێژەی هەیە

10:41 - 16 سەرماوەز 2722

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕوو بە کۆمەڵگەی جیهانی نووسیویەتی، ئیدعای هەڵوەشاندنەوەی گەشتی ئیرشاد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، درۆیە و تا ئەو ڕۆژەی هەموو یاساوڕێساکانی دژ بە ژنان کە بوو بەهۆی دەسبەسەرکران و کوشتنی ژینا ئەمینی، هەڵنەوەشێتەوە، ئەو سەرکوت و کوشتنە دژی ملیۆنان کچ و ژنی ئێرانی درێژەی دەبێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتی ئیرشاد، ڕوو بە کۆمەڵگەی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی: "فریوی قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نەخۆن، هەموو هەوڵەکانیان تەنیا بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگەی جیهانییە".

لەبەشێکی دیکە ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، توندوتیژیی سیستماتیک دژی ژنان و کچان، لە یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێراندا جێگیر کراوە و ئەو کەسانەی کە توندوتیژی بەرانبەر کچان و ژنانی ئێران بە بیانووی بێ حیجابییەوە دەکەن، لەلایەن یاسای ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە پارێزراون.