کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژی خوێندکاردا، خوێندکارانی ئێران و کوردستان مانیان لە خوێندن گرتووە

11:21 - 16 سەرماوەز 2722

لە درێژەی مانگرتنە گشتییەکاندا لە ئێران و کوردستان، ئەمڕۆ هەموو خوێندکارانی زانکۆکان بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستان مانیان لە خوێندن گرتووە و نەڕۆیشتوونەتە سەر کلاسەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کە لە ئێران بە ڕۆژی خوێندکار ناودێر کراوە، هەموو خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران بەتایبەتی زانکۆکانی کوردستان، مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاندووە و نەڕۆیشتوونەتە سەر کلاسەکان.

لە کرماشان هەموو زانکۆکانی ئەو شارە بەهۆی مانگرتنی خوێندکارانەوە داخراون و خوێندکاران ناڕۆنە سەر کلاسی وانەکانیان و بڕیارە کە لە کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆوە بڕژێنە سەر شەقامەکان و وێڕای خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان، دژی دەسەڵاتی ئاخوندی خۆپیشاندان بەڕێوە بەرن.

هاوکات لە تاران و زۆربەی شارەکانی ئێران خوێندکاران مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاندووە و کلاسەکانی وانە وتنەوەیان داخستووە.