لە سێهەمین ڕۆژی بانگەوازی سەرتاسەری بۆ مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی ئێران، لە دەیان شاری ئێران و کوردستان مانگرتنەکان بەردەوامن و لە زۆربەی زانکۆکانیش ئەمڕۆ مانگرتن بەڕێوە چووە.
پاش ئەوەیکە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها شورای لاوانی شۆڕشگێڕی گەرەکەکانی کوردستان و ئێران ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بە مانگرتنی گشتی و ڕاپەڕین دژی دەسەڵاتی ئاخوندی لە ڕۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە بڵاو کردەوە، ئەمرۆ چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، مانگرتن و ڕاپەڕین دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوامە و خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان و ئێرانیش بەشێکن لەو ڕاپەڕین و مانگرتنە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە درێژەی مانگرتن و ڕاپەڕینە گشتییەکاندا، دەیان شاری کوردستان و ئێران بە داخستنی دووکان و بازاڕ لە مانگرتنی گشتیدان
و لە ڕۆژی ١٦ سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار لە ئێران، هەموو خەڵکی کوردستان و ئێران بڕیارە دژی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بە سەرکوت و کوشتن بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان بەڕێوە بەرن.