کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی گاردیەن: ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا لە شەپۆلێکەوە بۆ شەپۆلێکی دیگە گۆڕاوە

12:07 - 16 سەرماوەز 2722

ڕۆژنامەی گاردیەن، بە ئاماژە بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە لە بابەتێکدا نووسیویەتی، ڕاپەڕینەکان لە ئێران بوونەتە شەپۆل لەسەر شەپۆل و کۆتایی پێ‌ نایەت.

ڕۆژنامەی گاردیەن، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی سەرماوەز لە بابەتێکدا لەژێر ناوی" شەپۆلی ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێران" بە ئاماژە بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران نووسیویەتی، ئەو خۆپیشاندانە بەهۆی ئەوەیکە کەسانێک شەهید دەبن و لە ڕێوڕەسمی حەفتە یا چلەکەیاندا خەڵک دووبارە کۆ دەبنەوە و دروشم دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی ڕێژیمی ئێران دەڵێنەوە و تێکڕا لە سەر قەبرانەوە دەگەڕێنەوە نێو شارەکان و دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە، ئەو ڕاپەڕینە کۆتایی پێ‌ نایەت.

ئەو ڕۆژنامەیە بە ئاماژە بە شەهیدبوونی ٤٤٨ کەس لە ئێران و کوردستان و هەروەها دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ١٧ هەزار کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، نووسیویەتی: سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە، هەر ڕۆژ خۆپیشاندانەکان زیاتر پەرە دەستێنێت و خەڵک زیاتر ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە دەبنەوە.