کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز

17:09 - 16 سەرماوەز 2722

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار لە ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هەموو خوێندکارانی دەروەست و شۆڕشگێڕ کردووە لەهەمبەر زوڵم و ستەمی ڕێژیمی ئێران وەکوو پێشتر هەڵویستی شۆڕشگێڕانە و سەردەمیانە بگرن و هەتا نەمان و ڕووخانی ڕێژیمی دواکەوتوو و چەقبەستوو هاوپشتی یەک بن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خوێندکارانی ئازادیخواز!
قوتابییان و لاوانی بەئەمەگی کورد!
خەڵکی بەهەڵویستی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان!

هەروەک دەزانن لە دوای گەشەکردنی خوێندن و بەگشتیبوون و گرینگبوونی پرۆسەی خوێندن لە ڕەوتی ژیانی مرۆڤدا، بەرەبەرە خوێندن لە ئاستەکانی سەروتر و پسپۆڕانەتر بووە بەشێک لە بەرنامە و پلانی هەر وڵات و کۆمەڵگایەک.

بەرزبوونەوەی ئاستەکانی خوێندن هاوتەریب بوو لەگەڵ گەشەکردنی کۆمەڵگا لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سەرجەم لایەنەکانی دیکەی مرۆڤ. خوێندن، بەتایبەت خوێندنی باڵا هێندە گرینگە کە خوێندکار و زانکۆ لە کۆمەڵگاکاندا هەمیشە ڕۆڵی پێشانگایەتی و پێشهەنگاویان گێڕاوە، بەتایبەت لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا هەمیشە پشکی سەرەکییەکەی بە خوێندکاری دەروەست و ئازادیخواز بڕاوە.

ئەم پێشەنگبوون و کاریگەرییەی کە خوێندکاران هەیانبووە، وای کردووە کە هەمیشە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و توتالیتارەکان بە چاوی هەڕەشە و تەناهی سەیری پرسی خوێندکار و زانکۆیان کردووە و لە جیاتی یارمەتیدان و پشتیوانیی ماددی و واتاییی زانکۆ بەردەوام گوشاری سەربازی، ئابووری و سیاسییان خستووەتە سەر خوێندکاران. 

یەکێک لەو وڵاتانەی کە ڕەوتی خوێندن و پەروەردە تێیدا ڕەوتێکی ئاسایی و زانستی نەبووە و بەڵکوو ئەمنییەتی و سیاسی لەگەڵی جووڵاونەتەوە وڵاتی ئێران چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی ڕێژیمی ئاخوندی بووە.

وێنەی بەرچاوی ئەم شێوە بەرکەوتن و ڕوانگەیە بەنیسبەت زانکۆ و خوێندکارانی ئێران، کارەساتی شەهیدکردنی سێ خوێندکار بە ناوەکانی ئەحمەد قەندچی، مەهدی شەریعەت ڕەزەوی و مستەفا بزورگ‌نیا لە ڕۆژی ۱٦ی سەرماوەزی ۱۳۳۲ی هەتاوی، لەلایەن دەسەڵاتی حکوومەتی پاشایەتی بوو. ئەم ڕووداوە ڕووی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتەی لە پێوەندیی لەگەڵ خوێندکار و زانکۆ ئاشکرا کرد. 

دواتر ئەم ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران وەکوو کاری هەمیشەیی ئەم دەسەڵاتە پاوان و داگیر کرا، لە حاڵێکدا ئەو سێ خوێندکارە لەباری بۆچوون و باوەڕی سیاسییەوە هیچ نزیکایەتییەکان لەگەڵ ئاخوندەکان نەبوو. 

پاوانکردنی ڕووداوە مێژووییە گرینگەکان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتێک بوو کە بە زۆر و زوڵم و فریوکاری ببوونە خاوەنی، دەنا هەر لەژێر سێبەر و ئاڵای ئەم ڕێژیمە دەیان کارەساتی دڵتەزێنتر لە ۱٦ی سەرماوەز بۆ خوێندکاران و تەنانەت قوتابییانی ئێران و بەتایبەت کوردستان خوڵقاوە، کە دەکرێت ئاماژە بە ڕووداوی "کوی دانشگاە" لە ساڵی ۷٨ی هەتاوی، دیسان "کوی دانشگاە" لە ٨٨ی هەتاوی، و دەیان جینایەت و پێشێلکاریی مافی مرۆڤی دیکە دەرحەق بە خوێندکاران و زانکۆکانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان تۆمار بکەین کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو شایەتی توندترین هێرش و پەلاماری سەر زانکۆکانی ئێران و لەوانە زانکۆی کوردستان، زانکۆی زانستی پزیشکی، زانستگەی فەنیی کچان لە سنە و هەروەها زانستگەی فەنیی یەزدانپەنای سنە بووین. 

ڕێژیمی ئێران لەم کات و ساتە کە لەلایەن هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران لەژێر ناوی ڕاپەڕینی ژینا بە دژی هەستاونەتەوە و ڕاشکاوانە پێی دەڵێن "نا" و هەوڵی ڕووخانی دەدەن، گوشار و گیر و بەندەکانی بۆ سەر خوێندکاران و مامۆستایانی کورد زیاتر کردووە و لەم ماوەیەدا دەیان خوێندکار و مامۆستای کوردی لە شوێنی کار و ماڵی خۆیان ڕفاندووە و بێسەروشوێنی کردوون. 

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وەکوو بەشێکی سەرەکیی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاودەنگ لەگەڵ سەرجەم خوێندکارانی ئازادیخوازی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو دۆخە میێلیتاریزە کراوەی کە بەسەر زانکۆکانی ئێران و کوردستانی سەپاندووە، داوا لە هەموو خوێندکارانی دەروەست و شۆڕشگێڕ دەکات لەهەمبەر زوڵم و ستەمە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و نەتەوەیییەکانی ئەم ڕێژیمە وەکوو پێشتر هەڵویستی شۆڕشگێڕانە و سەردەمیانە بگرن و هەتا نەمان و ڕووخانی ڕێژیمی دواکەوتوو و چەقبەستووی ئێران هاوپشتی یەک بن، بەتایبەت لەم ڕۆژە بە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دیسان "نا"یەکی دیکە بە ڕێژیم بڵێنەوە.

سەرکەوێت بزووتنەوە و ڕاپەڕینی ڕەوای خەڵکی ئێران و کوردستان!
بڕووخێت سیستمی دژەمرۆیی و ستەمکاری ڕێژیمی ئێران! 
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

١٥ی سەرماوەزی ۱٤۰۱ی هەتاوی