کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی گشتی لە کوردستان و ئێران گەیشتە سێهەمین ڕۆژی خۆی

18:05 - 16 سەرماوەز 2722

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و ئێران بە یەکدەنگییەکی پتەو دژی ڕێژیمی ئێران، بەپێی بانگەوازی پێشوو بۆ سێهەمین ڕۆژ لە دوای یەک بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان درێژەیان بە مانگرتن دا.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە دەیان شاری ئێران و کوردستان خەڵکی ئازادیخواز بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان بۆ سێهەمین ڕۆژ درێژەیان بە مانگرتنی گشتی دا.

مانگرتنی خەڵکی کوردستان و ئێران هەتا ئاستێک بەرین و یەکگرتوو بووە تەنانەت میدیا بەناوبانگەکانی جیهانیش باسیان لەو مانگرتنە و یەکگرتوویی خەڵک دژی ڕێژیمی ئێران کردووە.

لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا خەڵک بە شێوازی جۆراجۆر دژی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە بەرچاوترینیان داخستنی دووکان و بازاڕ لە شارەکان بووە.

لە کوردستان لە شارەکانی، کرماشان، دێولان، سەقز، بانە، شنۆ، مەهاباد، سەردەشت، پیرانشار، دزەی مەرگەوەڕ، ئیلام، شاباد، سنە، مەریوان، بۆکان، تیکاب، قوروە، دیواندەرە، سەراوڵە، گاوارە، جوانڕۆ، ڕوانسەر و چەندین شاری دیکەی کوردستان لە مانگرتنەکان بەردەوام بوونە.

لە شارەکانی دیکەش لەوانە تاران، قوم، مەشهەد، بەلووچستان، ئەراک، کرمان، ئیسفەهان، شیراز، گورگان، بابۆلسەر، قەزوین، یەزد و چەندین شاری دیکە خەڵک لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا دووکان و بازاڕیان داخستووە.

لە زانکۆکانیش بە هەمان شێوە خوێندکاران بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو شێوازێک کەڵکی وەرگرتووە کە پێش بەو مانگرتنانە بگرێ، بەڵام یەکگرتوویی خەڵک هەموو پیلان و پلانەکانی ڕێژیمی پووچەڵ کردووەتەوە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای پەیجەکانی ئینستاگرام و کاناڵەکانی پرسە و سەرەخۆشی لە زاری خەڵکەوە پەیامیان بڵاو کردبووە کە مان ناگرین، بەڵام ئەو پلانەی ڕێژیمیش بە ئاکامێک نەگەیشت.

لە زۆربەی شارەکان ڕێژیمی ئێران لەسەر بڵیندگۆ لە خەڵک دەپاڕاوە کە دووکان و بازاڕ دانەخەن بەڵام ئەو هەوڵەی ڕێژیمیش سەر نەکەوت.

مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی خەڵكی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئاخوندی بەردەوامە و خەڵک ڕایانگەیاندووە هەتا سەرکەوتن دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن.