برایم چووکەڵی
نەتەوەی کورد له مێژووی پر له شانازی خۆیدا یەکجار زۆر ڕووداوی ناخۆش و دڵته‌زێنی به خۆیه‌وه دیوه و له پێناوی ئازادێ و سەربەستی و دابینکردنی مافەکانیدا، زۆر کوڕی بلیمه‌ت و لێهاتوو و کارامه‌ی پێشکه‌شی بە خاکی نیشتمان کردووه. کەم نین ئه‌و قاره‌مانانه‌ی له کاتی تهنگانەدا بوونه هه‌وێنی هیوا و هۆمێد بۆ نەتەوەکەیان و ئازایانە سینگیان هێنایە پێش و له‌رزه‌یان خسته په‌یکه‌ره‌ی دوژمنی داگیرکەر. کەم نین ئه‌و ڕۆڵه لەخۆبوردووانەی که به بیستنی ناڵه و زاڵەی گه‌ل دەستیان بەرز کردەوە و بوونه قەڵغانی به‌رگری بۆ خاک و نیشتیمانی داگیرکراویان. کەم نین ئه‌و ئینسانە ئازا و نه‌به‌زانه‌ی که تا ئاخر هه‌ناسه و دوا دڵۆپ و دوا تنۆکی خوێن دڵیان بۆ ئازادی و ڕزگاری لێی دا و گیانیان بۆ نیشتمان بەخشی. محەممەد محەممەدی (ناسراو بە حەمەچەتە) یەکێک لەو ڕۆڵە بلیمەتانەیە کە له "هه‌گبه‌ی شاخ وشۆڕش"دا چیرۆکی حەماسەخوڵقێنییەکانی دەگێڕینەوە.
محەممەد محەممەدی ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی لە گوندی" تەمربەگ" لە بنەماڵەیەکی هەژاری ناوچەی تیلەکۆی سەقز لەدایک بوو. هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه نه‌یتوانی بچێته قوتابخانه و لە مێرمنداڵییەوە بوو شان به شانی باوكی ده‌ستی به كاروكاسبی کرد. محەممەد لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار هەڵی دا و پاش پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ماڵەکەی بۆ ئاوایی تەخت گوێستەوە و ملی وەبەر کاری وەرزێری نا و هەر لەو گوندەش بوو کە ناوی حەمەچەتەی بەسەردا بڕا! بەڵام بۆ ئەو ناوە؟ چیرۆکەکە ئەوەیە کە لە گوندی تەخت ئاغای گوند و ژاندارمەکانی ڕێژیمی شا فشاری بۆ دێنن و دواجار ڕۆژێک لە مووچە هێرشی دەکرێتە سەر. ئەویش زۆر ئازایانە لێیان وەدەست دێ و بە دەستی بەتاڵ لێیان ڕادەپەڕێ و دوایە ئیدی هەتا ماوەیەک ڕوو لە ئاوایی ناکاتەوە و لە شاخی دەمێنێتەوە. ئەوکاتیش ڕێژیمی پاشایەتی و دەستو پێوەندییەکانی هەرکەس لەبەرامبەریاندا ڕاوەستابا، بە چەتەیان ناو دەبرد.
ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لەگەڵ ڕەوتی ڕاپەڕین بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکی خەباتی ئاشکرای هێزە سیاسییەکان محەممەد به‌گوێره‌ی ناسیاوییه‌ك كه له حیزبی دێموكرات هه‌یبوو، بەرگی پێشمەرگایەتیی ئەم حیزبەی کردە بەر. له‌و ساڵانه‌شدا کە هێرشی جینایه‌تكارانی دژه‌كوردی کۆماری ئیسلامی بۆ قه‌ڵاچۆی شار و گونده‌كانی كوردستان لە ئارادا بوو، و هه‌ر ڕۆژه‌ی له ئاواییه‌ك و له شه‌قامی شارێك یا قوژبنی ماڵ و كۆڵانێك سینگی گه‌نج و پیرانی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان كون‌كون ده‌كرد، محەممەدی پێشمه‌رگه دژی ئه‌و سته‌م و بێدادییانه لە سەنگەردا بوو. محەممەد پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌وه‌ج و بە بیروباوه‌ڕ بوو، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رك و مه‌ئموورییه‌تی حیزبی ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و فیداكاریی له‌خۆی ده‌نواند. ئەو هەرچەند خوێندەواریی نەبوو، بەڵام له بردنه‌سه‌ری ئاستی زانیاریی شۆڕشگێڕانه هه‌رگیز غافڵ نه‌بوو. کۆکردنەوەی شارەزایی سیاسی بەنیسبەت هەلومەرجی کوردستان، خەلکدۆستی، خاکەڕایی، ماندوویینەناسی و ئامادەی بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی حیزبی زۆر زوو محەممەدی کردە سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی حیزبی دێموکرات لە سەقز.
محەممەد هه‌ر له ڕۆژه‌كانی هه‌وه‌ڵی پێشمه‌رگایه‌تیدا پێشانی دا چه‌نده كوڕێكی به‌ئه‌ده‌ب و به‌هه‌سته. له ماوه‌یه‌كی كورتدا توانی جێگای خۆی له‌نێو دڵی هاوسهنگهرانیدا بكاته‌وه. ئه‌و هه‌روه‌ها لاوێكی به‌ده‌ستوبرد و قاره‌مان و كوڕێكی ئازا و لەخۆبوردوو بوو، له ئاست دوژمن‌دا ڕق ئه‌ستوورو له به‌رانبه‌ر خه‌ڵك و هاوڕێیانیدا بەخشندە بوو. بۆ بڕیاردانی حیزبی سه‌ر له‌پێناو بوو، و زۆر چالاكانه له شه‌ڕه‌كاندا به‌شداریی ده‌كرد. بۆیەش به‌هۆی لێهاتوویی و كارامه‌یی له فه‌ن و تاكتیكی شه‌ڕی پارتیزانیدا پله‌كانی پێشمه‌رگایه‌تیی یه‌ك به دوای یه‌كدا بڕی و ئەو تایبەتماندییانە بوونە هۆی ئەوە کە بە فەرماندەری لک دیاری کرێ.
شەهید محەممەد محەممەدی لاوێكی ژیر و ڕوح‌سووك، سه‌رتاپای وجوودی ئیحساساتی شۆڕشگێڕانه بوو، ئازا و به‌جه‌رگ و نه‌ترس بوو، ئیمانێكی قووڵی به دروستیی سیاسه‌ته‌كانی حیزب و ڕێبازی بزووتنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ی هه‌بوو. به‌نه‌زم و دیسیپلین بوو، له شه‌ڕه‌كاندا هه‌میشه له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا بوو. هه‌ر شوێنێك محەممەد سه‌نگه‌ری لـێ گرتبایه، ئیدی مه‌حاڵ بوو دوژمن بتوانێ زه‌فه‌ری پێ به‌رێ. ئەو فه‌رمانده‌رێكی لێهاتوو و شاره‌زا، مرۆڤێکی تێكۆشه‌ر و هه‌ڵسووڕ و، جێگای ڕێز و خۆشه‌ویستیی هاوسه‌نگه‌رانی و خه‌ڵكی ناوچه‌کە بوو. ئەو هیچ كات هه‌ستی به ناهومێدی و ده‌سته وه‌ستانی نه‌ده‌كرد. شه‌ڕه حه‌ماسییه‌كانی جادەی سەقز- سنە، سەقز- بانە، سوننەتە، تیلەکۆ، خوڕخوڕە، ئێرانشا و... بۆ هه‌میشه شاهیدی جوامێری و ئازایه‌تی و له‌خۆبوردوویی ئه‌و ڕۆڵه تێكۆشه‌ره‌ی حیزب‌و گه‌له‌كه‌مانن.
شەهید محەممەد یه‌كێك له‌و پێشمه‌رگانه بوو كه لە هه‌موو ژیانی پڕ شانازیی پێشمه‌رگایه‌تییدا خاڵی لاوازی نیشان نەدا، هیچ كات لای پێشمه‌رگه‌كان هەڵسووکەوتێکی وای نه‌كرد یان به‌شێوه‌یه‌ك خۆی نیشان نەدا كه زه‌بر به فه‌رمانده لکی حیزبه‌كه‌ی بكه‌وێ. زۆرجار دووپاتی ده‌كرده‌وه كه پێشمه‌رگه چاوی له فهرماندهكهیهتی و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌كاری و چه‌وتیی هه‌بێ، پێشمه‌رگه‌ش چاوی لـێ دهكاو له ئاكامدا تایبه‌تمه‌ندیی فه‌رمانده‌یی خۆی له‌ده‌ست ده‌دا. شه‌هید محەممەد له ماوه‌ی ته‌مه‌نی خه‌باتگێڕی و تێكۆشانی خۆێدا گه‌لێك قاره‌مانه‌تیی بۆ حیزب و نه‌ته‌وه‌كه‌ی تۆمار کرد و بۆ نەتەوەکەی بە میرات بەجێ هێشت کە حەماسە و قارەمانەتیی ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٠ یەک لەوان بوو، کە گیانی لەپێناویدا دانا.
لەو ڕۆژەدا بەپێی گەڵالەیەکی داڕێژراو لەسەر جادەی سەقز-سنە کەمینیان بۆ هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نایەوە. پاش شه‌ڕێكی قاره‌مانانه محەممەد له‌گه‌ڵ سێ هاوسه‌نگه‌ری دیكه‌ی بە ناوکانی تۆفیق محەممەدزادە، عەبدوڵڵا مەجیدپوور و سابیر مورادی شه‌هید بوون و تێكه‌ڵ به كاروانی نەمرانی حیزب و گه‌ل بوون.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.