کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کیسە چای چەکوش‌سەوز بۆ حەمیدی نووری لە سۆئید

23:23 - 16 سەرماوەز 2722

دارسمە

ئەم خۆپێشاندان و مۆپێشاندان و سەرهەڵدان و مەرهەڵدان و ڕاپەڕین و ماپەڕین و ئاژاوە و ماژاوەی زیددی ئینقلاب و میددی ئینقلاب لە سەرانسەری ئێران ناویەتەوە، لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆی دوژمنان و سۆسیال میدیای بەکرێگیراوانی بێگانان ئەوەندە بە بەربڵاوی بڵاو دەبێتەوە، زیانێکی زۆری بە کاروباری پڕۆفیشناڵانە و دەروەستانەی میدیاکان و "اصحاب ڕسانە" گەیاندووە.

دوای ئەوەی ئەم هەموو خەڵکە لە ئێران سنگی بە فیشەکی کەلاشینکۆف و ساچەمەزەنی پارێزەرانی ئاسایش (تۆ بڵێ: مدافعان امنیت)ەوە ناوە و لە ماوەی ئەم سێ چوار مانگەی ڕابردوودا نزیکەی پێنسەد کەس خۆیان بە کوشتن داوە، زۆر ڕووداوی ڕاستەقینە پەرەدەپۆش کراون و زوڵم و ستەمێکی بێ‌پایان لە هێندیك لەو کەسانە کراوە ئێستا لە ژێر ئەشکەنجەی بەناو پارێزەرانی دیموکراسیی ئەورووپاییدا دەناڵێنن.

لەژێر سەرپۆشی ئەو هەڵڵاوبگرەی بە بیانووی خۆ بە کوشتن‌دانی دژبەرانی ئاسایشی ئێران و گەورەکردنەوەی "خۆپێشاندان و مۆپێشاندان و سەرهەڵدان و مەرهەڵدان و ڕاپەڕین و ماپەڕین و ئاژاوە و ماژاوەی زیددی ئینقلاب و میددی ئینقلاب لە سەرانسەری ئێران"دا، دەستەڵاتدارانی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی وەک ئەمریکا، کانادا، ئاڵمان، فەرانسە و سۆئێد و چەندین وڵاتی دیکە بە پشتیوانی‌کردن لەو کەسانەی لە ئێران سنگ بە گوللـه‌ی پارێزرانی ئاسایشەوە دەنێن، خەریکی چەواشەکارین.

ئەوەی زۆر گرینگە و هەتا ئێستا باسی لێوە نەکراوە، ئەمەیە لەنێو ئەم هاتوهاوارەی بۆ کوژرانی پینسەد کەسێک بەدەستی پارێزەرانی ئاسایشی ئێران ساز دراوە، پارێزەرێکی ئاسایشی ئەم وڵاتە لە زیندانی سوئید ئیزن نادرێت بە ڕێژەی پێویست چا بخواتەوە و هیچ بەدووریشی مەزانن هەر ئێستا بە دەست ژانەسەرەوە بناڵێنێت.

هەر وەک خوێنەر و موێنەر و تەنانەت گوێگر و موێگر و هەموو بەردەنگ و مەردەنگان ئاگادارن، حەمید نووری یەکێک لە پارێزەرانی ئاسایشی ئێرانە و بە هاوکاریی ئەم کاکە ئیبراهیم ڕەئیسییەی خۆمان چەند کەسی دیکەی وەک "جەعفەر مونتەزیری"ی دادوەری ئێستای ئێران، لە ساڵی ١٣٦٧ هەزاران کەس لە دژبەرانی ئاسایشیان لە زیندانی تاران گوللـەباران کرد. ئاغای نووری لەم دواییانەدا لەدڵی خۆیدا هەستی بە "ژن، ژیان، ئازادی" کردبوو و بە مەبەستی "ژیان" و هەڵکێشانی هەناسەی "ئازاد" و تێر سەیرکردنی "ژن"انی بێ‌سەرپۆش سەردانی سوئیدی کرد و هەر لەوێ بە  داوی پۆلیس و دادگاوە بوو و بە قسە و قسەڵۆکی ئەو شایەتانەی دژی ئاسایشی دەستەڵاتی ئێران بوون، زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپا.

حەمید نووری لەبەر ئەوەی "مدافع امنیت‌"ی ئیران بوو، ئێستا لە زیندانی سوئیدە و لەلایەکی دیکەوە دژبەرانی "امنیت" لە شار وشارۆچکە و گوندەکانی وڵات وەخۆکەوتوونەتەوە ودەستیان بە ئاژاوەگێڕی و شێواندنی "امنیت" کردووە. ئەم ئاژاوەگێڕانە لەکاتێکدا هەر لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا سەدان کەسیان بەدەستی "مدافعان امنیت" ‌کوژراوە و هەزاران کەسیان بریندار و لە زیندانان دان، کەشێکی ئەوندە خراپیان خوڵقاندووە، هەواڵی بێبەشکردنی حەمید نووری لە چا خواردنەوە، لە هیچ تەلەفزیون و ڕادیۆ و تۆڕێکی کۆمەڵایەتییەوە بڵاو ناکرێتەوە.

"مەجید نووری" کوڕی ئەم زیندانیە ئیرانییە لە سوئید ئیزنی پێ دراوە لە بەندیخانە چاوی بە باوکی بکەوێت. ئەم کوڕە باوک بەندکراوە، بە چەشنێک باس لە ئەشکەنجەی سپی دژی باوکی دەکات، دڵی بەرد بۆی دەبێتە ئاو. ئەو لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "ئینساف نیوزی" ئێران دەگێڕێتەوە. "لەم جۆرە ئەشکەنجانە لە سوئید زۆر باون. بۆ وینە دە خولەک پێش چاوپێکەوتنی ئێمە باوکمیان لەژێر فشاردا ناردبوو لە حەمام خۆی بشوات. کاتێک دیتم ئاڵۆز و شێواو بوو. باوکم حەزی لە چا خواردنەوەیە. هەفتەیەک بە ڕێکوپێکی چایان پێداوە دواتر لەناکاو ئەم چاپێدانەیان ڕاگرتووە. سوئێد لە ئەشکەنجەی سپیدا پسپۆڕە...".

لەکاتێکدا دەوڵەتی خۆێنڕیژ و مرۆڤکوژی سوئێد گوێ بە "ملت همیشه در صحنه‌"ی ئێران نادات و خۆی لە ئازادکردنی کەسێکی بێ‌تاوانی وەک حەمید نووری دەبوێرێت، لانیکەم جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ هاوسۆزی لەگەڵ کوڕە دڵبریندارەکەی ئازادیی چا خواردنەوەی زۆر پێویستن:

١-‌ پێویستە دەستەڵاتی سوئێد قبوڵی بکات، جگە لە سێ ژەمی بەیانی و نیوەڕۆ و شەوانە، چێشتنەگاو و ئێواران و بەرلە خەوتنان ئەوندەی حەمید نووری خۆی داوا دەکات چای خواردنەوەی بۆ دابین بکات.

٢-‌ بە مەبەستی ناساندنی سەرەڕۆیی و ستەمی بێ‌پایانی دەستەڵاتدارانی سوئید دەرحەق بە حەمید نووری، پێویستە پێڤاژۆی چاخواردنەوە نەک بۆ حەمیدی نووری بەڵکوو بۆ هەموو زیندانیانی نێو سیاچاڵی سوئید بە جیهانی بکرێت و نوێنەرانی هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر به دەستەڵاتی دادوەریی ئێران نەک هەر لە سوئێد بەڵکوو لە سەرانسەری ئورووپا و ئەمریکا چاودێریی چاخوردنەوەی بەندکراوان بکەن.

٣-‌ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە دەستەڵاتی دادوەریی ئێران ئەو مافەی پێ‌ بدرێت مانگانە لانی‌کەم دوو کیس چا‌ی چەکوش‌سەوزی "ئەعلا" بە چاودێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاستەوخۆ ڕادەستی حەمید نووری بکات و ئەم کارە هەتا ئازادی یان کۆچی دوایی ئەم زیندانییه خۆڕاگرە ئێرانییە بەرداوم بێت.

ئەنجام: دوای خوێندنەوەی ئەم بابەتە هەوڵ‌ و تێکۆشانی ماندوویی‌نەناسانەی "مدافعان امنیت" و بەرپرسانی دڵسۆزی ئێران و دڵڕەقی و ئاکاری دژەمرۆڤانەی وڵاتانی ئورووپایی لە سەرووی هەموانەوە وڵاتی سۆئیدمان زۆر ڕووتنتر لە جاران بۆ دەردەکەوێت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٦ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.